نیاز لاجانی
ئەو شەوە چواردە لە سەر پازدەی مانگی یەكی 2019 بوو، تا درەنگانی شەو لە خزمەتی دابوم، زۆر كەم باسی مەرگی دەكرد، ئەو شەوی گوتی: نیاز دەمەوێ بمرم! گوتم: نا بابە گیان ئەتوو بەهێزی بەرگەی زۆر ناخۆشیت گرتووە، دەیان جار مەرگت بەزاندووە! گوتی: باشە، كوڕم بڕۆ بخەوە، ئەمن دەبێ بڕۆم! دەفكریم دەبێ مەبەستی لە كوێ بێ؟ گوتم: ناچم هەتا نەخەوی! گوتی: وا خەوتم، تۆش بڕۆ! دەوری سەعات یەك بوو، چوومە ژوورەكەی خۆم و دوو لە خزمە پێشمەرگەكان وەك هەمیشە لە لای بوون! بە جەماعەتم گوت: ئەمن دەرگام داناخەم هەر چەندە ئەو شەوی سارد بوو، بەڵام هەستێكم بۆ دروست بوو كە شتێ روودەدا! لە قەلەقی و دڵەڕاوكێ نازانم خەوم لێكەوت یان نا؟! سەعات دوو و چل دەقەی شەوی 2019/1/15 یەكێ لە پێشمەرگەكان بانگی كردم و گوتی كە مامۆستا وەزعی باش نییە! زانیم… بە راكردن چوومە ژوورەكەی، بینیم دڵی پیاوێكی تا سەر ئێسقان تێكۆشەر، یەكێ لە ماندووترین پێشمەرگەكانی كوردستان بۆ هەمیشە لە لێدان كەوت! مامۆستا مەلا مەحمەد مەلا قادر لە شوباتی 1934 لە گوندی بیركەپرانی دەشتی هەولێر لە خانەوادەیەكی كوردپەرەوەر لە دایكبووە، هەر لە بنەماڵەكەیاندا سێ مامی و چەندین خزمی تری لە شەڕی هۆزەكانی كورد و عەرەب لەو دەڤەرە شەهید بوونە! بە هۆی مەلا قادری باوكی زوو ئاشنایەتی بە هزری كوردپەروەری دەبێ، لە سەرەتاكانی پەنجاكان پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكا، ئیتر لەوساوە بێجگە لە كورد و كوردستان هیچ شتێكی تری لا ئامانج نەبوو، هەموو پلە حزبیەكانی بە توانا و گیانفیدایی خۆی بڕی هەتا گەیشتە پلەی ئەندامی سەركردایەتی لە 1972 و دواتریش ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە 1984.
مامۆستا مەحەمەدی مەلا قادر، هەموو ساتەكانی ژیانی، نزیك بە 60 ساڵ لە كوردایەتی و پێشمەرگایەتیدا بەسەر برد، پێدەشت و چیاو كێو لە كوردستاندا نەماوە پێی ئاشنا نەبووبێ و دەست لە ملانێی لەگەڵدا نەكردبێ! هەر لە دەشتی كاكی بەكاكی هەولێرەوە لە دەشتەكەی مێرخاسان و جوامێرانەوە، بەنهێنی لە ناو شاری هەولێری هۆلاكۆ بەزێنەوە، لە دەشتەكەی گەرمیانەوە، لە كەلار و كفری لانەی شێرانەوە، تا هەورەمانی سەركەشەوە، هەر لە هیران و خۆشناوەتی مەڵبەندی جوامێرانەوە تا بادینانی سەركەش پێ بە پێ بە سگی برسی و پڕ لە مەترسی و گیانفیدایی بە ورەیەكی پۆڵاینەوە تێكۆشاوە و خەباتی كردووە و قوتابییەكی پاك و بەوەفای بارزانیی نەمر و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. هەمیشەش باوەڕی بە تەبایی نێو ماڵی كورد و دەوڵەتی كوردستانی بووە! بابە گیان با رۆحت ئارام بێ، تێكڕای كوردستانیان، تەنانەت ئەو بەڕێزانەی كە رێبازی فكریان لەگەڵت جیاواز بوو، شاهیدی جوامێری، ئازایی، راسگۆیی و دەستپاكی و دڵسۆزیت بۆ دەدەن! بە شاهیدی ئەوان: تۆ نموونەی پێوەرە جوانەكانی شۆڕشی ئازادیخوازی كوردستانیت! رۆحت شاد… ئەی ئەو كەسەی تەنیا بۆ كورد ژیای….