سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی عێراق و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری ده‌ده‌ن و نابێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان، هه‌روه‌ها گوتى:‌ له‌م قۆناغه‌دا بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر، عێراق پێویستی به‌ پشتگیریی هاوپه‌یمانانه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا ئێوه‌اره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15/1/2020 له‌ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتى: هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ردانی به‌ڕێزیان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختى له‌ كارى هه‌موو لایه‌ك بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی داعشى له‌سه‌ر ماوه.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر ڕایگه‌یاند: ئه‌وان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ پێگه‌یه‌كدایه‌ ده‌توانێت هاوكار بێت بۆ خاوكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان گرنگیی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا.

تاوتوێكردنی هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هاتنی تیمێكی ته‌كنیكی قه‌ته‌ری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌مباره‌یه‌وه‌، دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و چۆنییه‌تیی هاوكاریكردنیان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.