وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دان بە پێنج زانكۆی هەرێمی كوردستاندا دەنێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info-  پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، بە فەرمی دانی بە پێنج زانكۆی هەرێمی كوردستاندا ناوە و، كار دەكرێت بۆ ئەوەی دان بە چوار زانكۆی تریشدا بنرێت.

د. محەمەد شاكر، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە لیژنەكەمان ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە میوانداریی بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوونمان كرد، كە پێشتر وەكو لیژنە سەردانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، دوای پرسینی ئەنجامی دانپێدانانی زانكۆكانی هەرێمیش، خۆشبەختانە نووسراوی دانپێدانانیان دەرهێنا كە زانكۆی (سۆران و زاخۆ و هەڵەبجە و كوردستان و ڕاپەرین) بە فەرمی و لە بەرواری‌ 24-12-2019 دانیان پێدا نراوە".

ناوبراو گوتیشی: "كارمان لەسەر 9 زانكۆ كردبوو، بەڵام دانپێدانان بە زانكۆكانی پۆلی تەكنیكیی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و، زانكۆی گەرمیان هاتە پاشخستن، چونكە هەندێك رێكاری تریان ماوە و بە ئێمەیان گوت بەداواداچوونی زیاتری دەوێت و پێویستیان بە كاتی زیاترە."

وەك ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی گوتی: "ئومێد دەكەین بەم زووانە رێكارەكانی ئەوانەی تریش تەواو بێت و بە فەرمی دانپێدانانیان بۆ دەربچێت،بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵ و بەدواداچوونەكانمان بەردەوام دەبین."

 

نەشوان بەرزنجی