"حكوومه‌ت پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتوو ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات"

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆی ‌په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، به ‌په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی توانرا دیواری ترس له‌ گه‌نده‌ڵی برووخێندرێت و ده‌ست به ‌چاكسازی ده‌كرێت و ئێستا حكوومه‌ت سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتووه‌ و نیوه‌ی ته‌واو كردووه‌ و دوای پشووی په‌رله‌مان ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ندكردن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی:  "ڕێكخستنه‌وه‌ی ‌هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ ڕووی جلی سه‌ربازی و مووچه‌ و چه‌ك و بە هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ یه‌ك هێز و جیاوازی نامینێت و هه‌مووانیش له ‌یه‌ك یه‌كه‌ی ژمێریاری مووچه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و وڵاتێكی دامه‌زراوه‌یی بچێت، نه‌ك فه‌رمانده‌یه‌ك مووچه‌ی فه‌وجێك وه‌ربگرێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ گرنگیی زۆری هه‌یه‌."

ڕیڤینگ هرووری گوتیشی: "له‌ هه‌رێمی كوردستان 11 به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیی خانه‌نشینی هه‌یه‌ و هه‌مووان ده‌كرێنه‌ یه‌ك به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیی خانه‌نشینی و سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك به‌ نایاسایی  خانه‌نشین نه‌بێت و هه‌ركه‌سه‌ و به‌ حه‌قی خۆی خانه‌نشین بێت."

ڕیڤینگ هرووری گوتیشی: "ده‌ست كراوه‌ به‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای خانه‌نشینی و نیوه‌ی ئاماده‌كراوه‌ و دوای پشووی په‌رله‌مان حكوومه‌ت بۆ په‌رله‌مانی ڕه‌وانه‌ ده‌كات و ده‌بێته‌ پڕۆژه‌یه‌كی خانه‌نشینیی یه‌كگرتوو، هاوشێوه‌ی عێراق و له‌وێ مووچه‌ی خانه‌نشینان دیاری ده‌كرێت و هه‌ركه‌سه‌ و به ‌حه‌قی خۆی مووچه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه‌، چونكه‌ مووچه‌ی خه‌یاڵیی خانه‌نشینی هه‌یه‌."

هرووری باسی له‌وه‌ش كرد: "جگه‌ له‌وه‌ش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ مووچه‌شدا ده‌كرێت، چونكه‌ جیاوازیی زۆر هه‌یه‌، له‌ نێوان لیوا و عه‌مید دوو ملیۆن دینار جیاوازی هه‌یه‌، بۆیه‌ هیوادارین ئه‌و كاره‌ ڕێك بخرێت و په‌رله‌مانیش هه‌نگاوێكی باشی ناوه‌ و مووچه‌ی خانه‌نشینیی له ‌80% بۆ 15% كه‌م كردووەتەوە،‌ ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی باشه‌."

گوتیشی: "زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرا له‌ هه‌رێمی كوردستان ناکرێ چاكسازی بكرێت و ده‌ست بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی ببرێت، به‌ڵام توانرا ترسی نه‌هیشتنی گه‌نده‌ڵی بشكێندرێت."

بڵند ئیبراهیم