لەسەر ئەركی حكوومەت تەرمی پێنج كەس دەگەڕێندرێنەوە كوردستان

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران گوتی، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا یەختێكی پەنابەران لە ئاوی ئیجەدا نوقم بوو، 23 كەس لەوانەی كە گیانیان لە دەست دا، كورد بوون، بۆیە بڕیارە لەم هەفتەیەدا تەرمی 5 لەوانە لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئاری جەلال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەو یەختەدا كە لە ئاوی ئیجەدا نوقم بوو لە چەند رۆژی ڕابردوودا، 23 هاووڵاتیی كورد گیانیان لە دەست دا، كە تاوەكو ئێستا تەرمی 15 كەسیان نەدۆزراوەتەوە و ئەوانەی دیكەش دۆزراونەتەوە و گەڕان بە دوای ئەوانەی تریشدا بەردەوامە.

جەلال گوتیشی، بڕیارە لەم هەفتەیەدا پێنج لەو تەرمانە لە دەرەوەی وڵاتەوە بگەڕێندردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و، گەڕاندنەوەی تەرمەكانیش لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم دەبێت.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم هەموو هاوكارییەك دەكات لە فڕۆكەخانەكان و دابینكردنی ئامبۆڵانس بۆ تەرمەكان تاوەكو دەگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان و بە خاك دەسپێردرێن.

 

بڵند ئیبراهیم