مامۆستایەکی زانکۆ: لە داڤۆس پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی دنیا دادەرێژرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info - سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەکات، کە لەسەر ئاستی سەرۆکدا وڵاتانی جیهان بەشداریی تێدا دەکەن و، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و چەندین سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی تری وڵاتان دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.

ڕێبین سەلام، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بانگێشتکردنی نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌فه‌رمى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهانیى داڤۆسدا له‌ ڕۆژانى 21 تا 24ى ئه‌م مانگه‌، کە له‌ یادى په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا ئەم کۆڕبەندە به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، زۆر گرنگە. چونکە بابەتی یادی ٥٠ ساڵەی داڤۆس، نیشانەیەکی گرنگە و ئەگەر بزانین کە ھەر پەنجا ساڵ جارێک پەیوەندییە ستراتیجییەکانی دیپلۆماسییەتی دنیا سەرلەنوێ دادەرێژرێنەوە، ئێنجا گرنگیی ئەم کۆبوونەیەوە و بەشداریی سەرۆکی ھەرێم تێیدا لامان ئاشکرا دەبێت. ساڵی ١٩٧٠، پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، توانیمان بەیاننامەی ١١ی ئازار بەدەست بھێنین، ئاخۆ ئەم جارە، دوای ڕێکخستنەوەی وەرەقەکان لە داڤۆس، دەتوانین چی وەدەست بخەین".

ڕێبین سەلام گوتیشی: "ناوونیشانی کۆڕبەندەکە 'لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا'یە و، سەبارەت بە پرسه‌ جیهانییه‌كانى تایبه‌ت به‌ ئابوورى و سیاسه‌ت و ئاسایش و سه‌قامگیرى بەڕێوە دەچێت، ناوونیشانی وتارەکەی جەنابی سەرۆکی ھەرێمیش بریتی دەبێت لە 'ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر'، خوێنەر زۆر بە زەقی زیرەکییەکی بەرزی ناونانی وتارەکەی بارزانی بۆ دەردەکەوێت، کە بریتییە لە 'ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر' لە کۆڕبەندێکی جیھانیدا دەیخوێنێتەوە، کە ئامانجەکەی بریتییە لە 'لەپێناو جیھانێکی یەکگرتووی گەشەسەندووی بەردەوامدا' لە ناوونیشانەکانەوە نیشانەشکێنیی وتارەکەی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی دیارە، کە بەتەواوەتی لە چەقی نیشانەکە دەدات و دەڵێت ناسەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی جیھان، کە ھەندێک فەیلەسووفی ئەوروپایی لەم دواییەدا ئاشکرایان کرد، ئەگەر کورد دەوڵەتێکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبوایە، ڕۆژھەڵات سەقامگیر دەبوو، دەرەنجام جیھانیش سەقامگیرتر دەبوو لە ئێستا، نەک ھەر ئەمە بەڵکو جەنگی جیھانیی دووەمیش ڕووی نەدەدا. لێرەدا وتارەکەی جەنابی سەرۆکی ھەرێم پرسیارێکی گەورە دەورووژێنێت و عەرشی سەرۆکەکانی داڤۆس دەورووژێنێت کە بریتییە لەوە کە ئەی سەرۆک وڵاتانی دنیا، ئایا جارێکی دیکە ھەمان ھەڵە دووبارە دەکەنەوە و مرۆڤایەتی بە ئاگری جەنگی سێیەمی جیھان دەسووتێنن؟ یاخود پێویستە دەرسێکمان وەرگرتبێت و بە کێشە و ھەڵەکانی دوێنێمان چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆمان بکەین".

لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆسدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتانی جیهانی دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.

ناوبراو گوتیشی: "نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ژمارەیەك له‌ سه‌ركرده‌ و وه‌زیران و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كۆ ده‌بێته‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستى هه‌رێم و گۆڕینه‌وه‌ى بیروڕا ده‌رباره‌ى پرسه‌ هه‌رێمى و جیهانییه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن، کە گرنگیی پێگەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەردەخات"


عەزیز ڕەسووڵ

Attachments area