سعوودیه‌ راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مریكای له‌باره‌ی خاشقچی ره‌تده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ چاودێری ئه‌و راپۆرته‌ ده‌كه‌ن له‌باره‌ی كوشتنی خاشقچییه‌وه‌ پێشكه‌شی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كراوه‌ و تیایدا هاتووه‌: به‌هیچ جۆره‌ ئه‌و راپۆرته‌ قبوڵ ناكه‌ین كه‌ تۆمه‌تی بێبنه‌ما و سووكایه‌تی تیادایه‌ به‌رامبه‌ر ئیداره‌ی سعوودیه‌ و حكوومه‌تی سعوودیه‌ به‌ ره‌هایی (ئه‌م تۆمه‌تانه‌) ره‌تده‌كانه‌وه‌. راپۆرته‌كه‌ی ئه‌مریكا چه‌ندین زانیاری و ئه‌نجامی ناڕاستی تیادایه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌‌‌ تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتریش له‌لایه‌ن، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سعوودیه‌وه‌ ئیدانه‌ی كوشتنی خاشقچییان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ دژی یاسا و به‌هاكانی سعوودیه‌یه‌ و داكۆكی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجام داوه‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌زاندووه‌ و له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌نجام دراوه‌ كه‌ ته‌واوی سیسته‌می سعوودیه‌یان به‌زاندووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كوشتنی خاشقچی و راده‌ستكردنی به‌رپرسیارانی ئه‌مه‌ ته‌واوی هه‌نگاوه‌ پێویستییه‌كانیان ناوه‌، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌رانه‌وه‌ بڕیاری كۆتایی داوه‌ و خانه‌واده‌ی خاشقچیش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پێشوازییان له‌و بڕیاره‌ كردوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: سعوودیه‌ ئیدانه‌ی ئه‌م تاوانه‌ ترسناكه‌ی كردووه‌ و له‌ كاتێكدا بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی تاوانێكی له‌م جۆره‌ هه‌موو هه‌نگاوێكی پێویستی گرتووه‌ته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر به‌رپرسان، كه‌چی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ كه‌ راست نییه‌ و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵه‌ن مایه‌ی نیگه‌رانییه. سعوودیه‌ هه‌موو جۆره‌ كارێك ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌روه‌ری، ئیداره‌دان و سه‌ربه‌خۆیی دادگا بكاته‌ ئامانج".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هاوبه‌شێتی نێوان سعوودیه‌ و ئه‌مریكا به‌هێزه‌، هیوای خواستووه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای رێزی هاوبه‌ش كه‌ 80 ساڵه‌ به‌م جۆره‌یه‌، به‌رده‌وام بن.

به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا ئاماده‌ی كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه‌، محه‌مه‌د بن سه‌لمان ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌ بۆ كوشتنی رۆژنامه‌وان جه‌مال خاشقچی له‌ كۆنسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ ئیستانبوڵ.