یەکگرتوو.. پێشەنگی کاروانی بیری ئازاد

دوایین نوێکردنەوە 2021-03-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئاوات جەزا


بەر لەهەموو شتێک دەمەوێت ئەو ڕاستیە بڵێم کە یەکگرتوو پێشەنگی کاروانی بیری ئازاد و ڕای جیاوازە، بەرامبەری قبوڵەو حەزی لە مێزی گفتوگۆیە و ڕقی لەسەنگەر گرتنە.
داننان بەمافی تاک و پاراستنی مافی بەرامبەر لەناو یەکگرتوودا وای کرد دەسەڵاتی یەکەمی ناو یەکگرتوو ئاڵووێرو دەورو تەسلیمی پێکرا.

ئەمە تا ئێستا لەناوخۆی یەکگرتوودا بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت داوا بکەم لە حزبەکەم ئەوەیە کە ئەو مومارەسە ئیجابیە نقڵی دەرەوەی خۆی بکات، واتە هەموو کۆمەڵگە سوودمەند بن لێی بەو مانایەی ببێتە فاکتەرێک بۆ لابردنی ئەو بیرە ئەبستکراتەی یەخەی تاکی کوردی گرتووە، هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانە شەق کات کە هاتوونەتە بەردەم بیروڕای ئازاد لەم نیشتمانە. لەهەوڵی لابردی ئەو سانسۆرو یاساغانەدا بێت بەناوی سیستەمی سیاسی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوە بە قانون دەرهەق بە ڕۆژنامەنووس و بیری ئازاد دەکرێت لەم کوردستانە بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی شکست خواردوو بەپاساوی نا لۆژیکی و نا مەنتیقی، ئەم داوایەش لە یەکگرتوو دەکەم لەبەر دوو هۆ، یەکەم لەبەر ئەوەی یەکگرتوو تا سەرئێسقان بڕوای بە ڕێزگرتنی بەرامبەرە، کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت و ئینسان لای سەنتەرە، دوەمیشیان لەبەر ئەوەی چەمکی پێکەوەژیان باکگراوندو ڕەهەندێکی ئاینی هەیەو یەکگرتووش موتوربەیە بەو باکگراوندە ئاینییە.

کانیاوی پێکەوە ژیان و گیانی هاریکاری سەرچاوەکەی ئاینی ئیسلامە، ئیسلامیش بەرنامەی ژیانە، ئایا ئەو ژیانەی لەکوردستانە ژیانێکە ئیسلام سەرچاوەکەیەتی؟؟؟ وەڵامی ئەمە بۆ خوێنەر جێ دەهێڵم. بەڵام ژیانێک کانیاوی پێکەوەژیان تیایدا وشک و ڵێڵ بێت، گیانی هاوکاری تیایدا نەمابێت، بێ مانا دەبێت ئەگەر چی ژیانیشی تیدا مابێت، ئیتر لێرەوە بیروڕای ئازادو مافی تاک و ڕێزی بەرامبەر پارێزراو نابێت، لەکەش و هەوای ناسازگاردا تەبایی و یەکترقبوڵ کردن وون دەبێت و لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ژیانی ناو کۆمەڵگەش قورستر دەبێت.
یەکگرتوو هەم بۆ خۆیی و هەم بۆ خەڵکیش لەبەر خوا، واباشە ئاوڕێکی جددی تر لەپرسی بیروڕای ئازاد و ڕای جیاوازو یەکتری قبوڵ کردن بداتەوەو هەوڵبدات بۆ دروست کردنی سەکۆیەکی نوێ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتردا، ئەگەرنا لە داهاتوویەکی دوور یان نزیک، هەموو دەرگاکانی بەردەم ئازادی دادەخرێن و ڕێگاکانی بەردەم حیوار و لێک تێگەیشتن تەسک دەبنەوەو تاریکی دوو تارمایی ئاسمانی کوردستانمان دادەپۆشێت، چرای ژیانمان دەکوژێتەوە، گیانی هاریکاری لەنێوانماندا دەپوکێتەوە.