ئاسۆ حامد
ـ سەمەرەکانی ئەم نیشتیمانە داماوە ، هەندە زۆرە ، هەندە سەیرە ، مرۆڤ ، نازانێ پێبکەنێ ، یان بگری !؟
سەیرە :
لایەک ، نیوەی حکومەتی بەدەستەو، داواش دەکا سەرۆکی حکومەت دەست وەرنەداتە دادگا ! دەشڵێ : متمانەت لەدەست داوە ! کە وایە ، ئیتر بۆچی لە حکومەت بەردەوامی !؟
ـ لە لایەکەی ترەوە ، ئامانج بابان ، کراوەتە کراسەکەی عوسمان . ئامانج بابانێک ، مخابن ، خۆیان و خانەوادەی بەڕێزیان و ، کچێکی پەپولەیان ، لە روداوێکی گوماناویدا ، ساڵێک زیاترە گیانیان لەدەست داوە ، ئەو کات وترا : خۆ کوشتن بووە ! کەچی هەر جار ، لە زۆنی سەوزەوە ، قسەیەک بکرێت ، لە زۆنی زەردەوە دەوترێ : پێویستە پێداچونەوە بە کەیسی ئامانج بابانی وخانەوادەکەی بکرێت !
ـ زمانی عەدالەت دەڵێ :
ئەگەر ئامانج و خانەوادەکەی ، تیرۆر کراون ، سەروەری یاسا و بێ لایەنی دادگا ، دەخوازێت ، پێداچونە بەو کەیسەدا بکرێت و، تاوانباران ، هەر کەس و هەر لایەنێک بن ، خێرا سزای یاسایی بدرێن .
ـ ئەگەریش روداوەکە خۆکوشتن بووە ، ئەوا پێویست ناکات ، وەک کراسەکەی عوسمان ، هەر جار ، لە هەر پێشهاتێکدا کە سیاسەت ویستی ، لەوێدا ، بەرز بکرێتەوە و ، برینی خانەوادەی ئەو دوو هاوژینە و ، هاوڕێ و دۆستان و رۆژنامەنووسان ، سوێ بکرێتەوە.
ـ لۆژیکی کۆمەڵایەتی دەڵێ :
ئەگەر کوژراون و، راستەیەکان دیزە بەدەرخۆنە کراون ! یان ئەگەر خۆ کوشتنە و ، وەک کراسەکەی عوسمان، هەر جار بۆ مەبەستێک بە کار دەهێنرێن ، ئایا دەزانن ، ئەو دوو گەمەیە ، چ واتایەکی قورس دەبەخشێت ؟
ئەرێ کەی سەمەرەکانی ئەم نیشتمانە کۆتایی دێ ؟
کەی خوێنی ون بووی ئامانج، لە کۆڵانە تاریکەکانی گەمەی سیاسیدا، ئەدۆزێتەوە.
ـ کەی لێ دەگەڕێن، ئامانج و هاوژین و جگەرگۆشەکەیان، بە ئارامی بنوون؟