جێگری پارێزگاری مووسڵ بۆ KDP: داخستنی كەمپەكان، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-22 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مووسڵ- KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ بۆ كاروباری ئاوارە و رێكخراوەكان ڕایگەیاند، حكوومەتی خۆجێیی مووسڵ لەگەڵ داخستنی كەمپەكانە، بەڵام ئەو كەمپانەی دهۆك ناگرێتەوە كە ئاوارەی پارێزگای مووسڵیان تێدا نیشتەجێن، تەنیا ئەو كەمپانەی لە باشووری پارێزگای مووسڵن، دادەخرێن و خەڵك دەگەڕێندرێتەوە ناوچەكانیان.

عەلی عومەر گەبعۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی خۆجێیی مووسڵ لەگەڵ داخستنی كەمپەكاندایە، بەڵام ئەو كەمپانەی دهۆك ناگرێتەوە كە ئاوارەی پارێزگای مووسڵیان تێدا نیشتەجێن".

گەبعۆ دەشڵێ: "تەنیا ئەو كەمپانەی لە باشووری پارێزگای مووسڵن، دادەخرێن و خەڵك دەگەڕێندرێتەوە ناوچەكانیان، كە لەوەشدا حكوومەتی خۆجێیی مووسڵ، بارودۆخی خەڵكی شنگالی لە بەرچاو گرتووە و هیچ كەس بە زۆر ناگەڕێنرێتەوە ناوچەكانیان".

جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: "دروستكردنی كەمپێك بۆ كەسوكاریی داعشەكان لە زووممار، مەترسییە بۆ خەڵكی ناوچەكە، هۆكارێكیشە بۆ ئەوەی خەڵك نەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئێمە لە پارێزگای مووسڵ، بریارمان داوە دروستكردنی ئەو كەمپە بوەستێنن، كە بڕیاری دروستكردنەكەی لە ڕێگای وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقەوە دراوە، بەڵام ئێمە و ئەندامانی پەرلەمان رازی نین".

 

كـــــاروان بـــاعەدری