پرسەنامەی پارتی بۆ كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر د.حەمید ئاكرەیی

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-22 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەڕێزان/ خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و هەڤاڵی تێكۆشەر(د.حەمید ئاكرەیی)

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی و كادیر و هەڤاڵی تێكۆشەر(د.حەمید ئاكرەیی)مان پێگەیشت،  بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەس وكار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو و بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەش وشەریكی خەمتان دەزانین.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو(د.حەمید ئاكرەیی) كەسایەتیەكی ناسراو و كادیرێكی دێرینی پارتیمان بوو،  هەر لە  زووەوە پەیوەندیی بە ریزەكانی پارتیمان دەكات  وەك پێشمەرگە و كادرێكی چالاك لە بواری گەیاندن رۆڵی خۆی دەبینێت و ئەوسا وەك ئەندازیاری گەیاندن لە  رادیۆی دەنگی كوردستان  كار دەكات.
خوالێخۆشبوو، پێشمەرگی دێرین و كەسایەتیەكی خاوەن هەڵوێست و وەفادار بوو بەرامبەر رێبازی بارزانی نەمر و كاروانی شۆڕش و خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، لەو پێناوەشەدا دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە خزمەت و تێكۆشان بەردەوام بووە، بۆیە لەدەستدانی زیانێكی گەورەیە.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو جارێكی دیكەش بە هەمان گیانی كوردایەتی و پارتایەتی بەردەوام دەبێ لە خەبات و بەشداری لە شۆڕشی گوڵان دەكات ھەر لەوکاتیشدا رادیۆی دەنگی کوردستان دادەمەزرێنێتەوە، دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، چەندین بەرپرسیاریەتی حزبی و حكومی پێ سپێردابوو كە توانی سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامیان بگەیەنێ و ماوەیەکیش وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

هیواخوازین هاوخەمیی ھەڤاڵ و ھاوسەنگەر و دۆستانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خە م و خەفەتتان كەم بكاتەوە.

دووبارە پرسە و سەرەخۆشیمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و لەخوای گەورە داواکارین جێگای هەڤاڵی كۆچكردوومان بەهەشتی بەرین بێت...

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
22/2/2020