هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری تاقیگەی بیناسازی هەولێر دەڵێ، ئەمڕۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، سیستەمی قیری سوپەر پەیڤ رادەگەیەنێت، كە نوێترین سیستمی قیركردنی شەقامە لە جیهاندا.
ئەندازیار نزار حەمەد بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، سیستهمی قیركردنی سوپەر پەیڤ رادەگەیەنرێت، كە نوێترین سیستەمی قیركردنی شەقامە لە جیهاندا و، تێیدا پلەی گەرمی ناوچەكانی كوردستان دەبنە پێوەری درووستكردنی شەقامەكان.
ئاماژەی بەوەشدا: "هەرسێ تاقیگەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك، بە هاوكاری زانكۆیەكی ئەمەریكی و دۆزەرەوەی بیرۆكەی سوپەر پەیڤ، لە ماوەی سێ مانگی رابردوو كارمان لەسەر پڕۆژەكە كردووە و، تێیدا بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمای ناوچەكانی كوردستانمان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بیكەینە بنەمای كاركردنی سیستهمە تازەكە لە هەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "بە گوێرەی سیستهمەكه لەهەر ناوچەیەكی كوردستان دیزاینی شەقامەكە بە جۆرێك دەبێت، كە تێكڕای بەرزترین و نزمترین پلەی گەرمی و ئەو قورساییەی ساڵانە بە سەر رێگاکەدا دادێت، دەبنە پێوەر، بۆ ئەوەی بزاندرێت شەقامەكە بەشی چەند ساڵ دەكات".
ئاماژەی بەوەشدا: "بۆ لەمەودوا هەر شەقامێك درووستبكرێت لە كوردستان، بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی، كە ئەنجاممانداوە لەسەر كەشوهەوای ناوچەكە دیزاین دەكرێت و درووستدەكرێت، وە بەگشتی 72 پلە بۆ بەرزترین و دە پلە ژێر سفر (-10) بۆ نزمترین پلە دیاریكراوە".
هێدی كاكەیی