نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆك له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداچوونی پارتی كۆ ده‌بێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-24 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info-  نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌ 24/2/2020، نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان به‌رپرس و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداوچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووه‌وه‌. سه‌ره‌تا به‌ڕێز ته‌ها به‌رواری، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌، وێڕای به‌خێرهاتنیان، سڵاو و ڕێزی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتیی پێ گه‌یاندن و به ‌ناوی به‌ڕێزیانه‌وه‌ ده‌ستخۆشیی لێ كردن و ڕۆڵی ده‌سته‌كه‌ی له‌ چاودێری و به‌دواداچوون و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوه‌ند و ئۆرگانه‌كانی پارتی، به‌رز نرخاند.

دواتر به‌ڕێز مه‌سعوود ساڵه‌یی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداچوون، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی كۆبوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانی ده‌سته‌ له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئۆرگانه‌ حزبیه‌كان، ئاماده‌كردنی چه‌ند ڕاپۆرتێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوه‌نده‌ حزبییه‌كان، درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچوون و، ستراتیژ و پلانی داهاتوویان پێشكه‌ش كرد، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌یان ئه‌نجامی ئه‌رێنی لێ كه‌وتووەته‌وه‌.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوخۆی عێراق و كوردستان به‌گشتی، ڕۆڵی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ یه‌كخستن و پاراستنی یه‌كده‌نگیی نێوماڵی كورد،‌ كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردن و به‌رجه‌سته‌كردنی ڕێبازی بارزانی، كه‌ له‌ گرنگترینیان بنه‌ماكانی یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هه‌ر لە‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، چه‌ندین پرسی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی چاودێری و به‌داوادچوونی ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سته‌وه‌ پێشكه‌ش كران و ژماره‌یه‌ك پێشنیازیش خرانه‌ ڕوو، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز ته‌ها به‌رواری، ئاماده‌ییی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی بۆ پشتیوانیكردنی كار و چالاكییه‌كانی ده‌سته‌ی چاودێری و به‌دواداچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵیان به ‌مه‌به‌ستی سه‌رخستنی كاره‌كانیان، ده‌ربڕی.