سندی: سبەی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەقاچاغبردنی نەوت دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی یەكشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانیش ئاشكرای كرد، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەقاچاغبردنی نەوت دەكرێت.

گولیزار سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەقاچاغبردنی نەوت پێشتر ئامادە كراوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بڕیارە لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستانیشدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، واتە سبەی پەرلەمانتاران بۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەشڵێت: "یاسای مامەڵەكردن بە نەوت بە شێوەی قاچاغ، پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨ لە عێراق دەرچووە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بەو بابەتە نەبووە، بەڵكوو ئەگەر پێشتر بابەتی بەقاچاغبردنی نەوت ھەبووبێت بەپێی یاسای گومرگی مامەڵەی لەگەڵدا كراوە، كە یاساكە ھەموو كەلوپەلێك دەگرێتەوە، بەڵام ئێستا كەرتی نەوت جیا كراوەتەوە".

سندی جەختی كردەوە: "دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە، مامەڵەكردن بە كەرتی نەوت رێك دەخرێت و رێگە نادرێت بە شێوەی قاچاغ مامەڵەی پێوە بكرێت، لە ھەرێمی كوردستانیش بەقاچاغبردنی نەوت بۆ دەرەوە كەمترە لەوەی ناوخۆ، چونكە زۆر جار لە ناوخۆ مامەڵەی پێوە دەكرێت بە بێ ھەبوونی مۆڵەت، بەڵام بە یاسا رێك دەخرێت و رێگری دەكرێت لەوەی بە قاچاغ مامەڵە بە نەوتەوە بكرێت".

 

قائید میرۆ