بەغدا-KDP.info- شارەزای یاسا و دەستوور و سەرۆكی پێشووی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی كوتلەی گەورەی پەرلەمان نەیتوانی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ سەركەوتوو بێت، بهپێی دهستوور مافی ئەوەی نەما جارێكی دیكە كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران دیاری بكات. دەشڵێ، ئەمجارە دەتواندرێت بەپێی دەستوور هەر كەسێك هەموو لایەنەكان پێی رازی بن، بۆ ئەو پۆستە رابسپێردرێت.
موحسن سەعدوون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بەپێی دەستووری عێراق جاری یەكەم گەورەترین كوتلەی پەرلەمان دەتوانێ و مافی خۆیەتی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید بكاتـ، بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێ پێك بهێنرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كوتلەی گەورە لە پێكهێنانی حكوومەت سەركەوتوو نەبوو و شكستی هێنا، به پێی دهستوور ئەمجارە ئەو مافەیان نییە و هەر لایەنێك دەتوانێ كەسێك كاندید بكات بە مەرجێك شەقام و هەموو لایەنەكان پێی رازی بن، چونكە ئەمە بەپێی دەستووری عێراق و یاساش وایە، بۆیە سەرۆككۆمار دەتوانێ لە ماوەی 15 رۆژدا كەسێكی دیكە بە رەزامەندیی هەموو لایەنەكان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران راسپێرێت".
ئەو شارەزایەی دەستوور باسی لەوەش كرد، هەر حكوومەتێك بە بێ پرسی كورد دروست بكرێت و كورد پێی رازی نەبێت، كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی عێراقە، شكست دەخوات و سەركەوتوو نابێت، بۆیە پێویستە سەرۆكوەزیرانیتازە كورد و شەقام و سوننە و لایەنەكانی دیكەش رازی بكات، ئەگەر نا هاوشێوەی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو محەمەد تۆفیق عەلاوی، شكست دەهێنێت.
بڵند ئیبراهیم