ئەمساڵ یادی ڕاپەڕین ناکرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ڕانیە-KDP.info- بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئەمساڵ ھیچ جۆرە ڕێوڕەسم و چالاکییەک بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە بەڕێوە ناچێت. قایمقامی قەزای ڕانیەش دەڵێت، بە بۆنەی یادەکەوە، مۆنۆمێنتی شەھیدان و شوێنە گشتییەکانی شاری ڕانیەیان ڕازاندووەتەوە.

حوسێن مەحموود، قایمقامی قەزای ڕانیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئەمساڵ ھیچ جۆرە ڕێوڕەسم و چالاکیەک بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانەوە بەڕێوە ناچێت، بۆیە وەک قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ڕەچاوکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یادی ڕاپەرینی ٥ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی ڕانیە ناکرێتەوە.'

ناوبراو ڕایشیگەیاند، بە بۆنەی یادەکەوە، مۆنۆمێنتی شەھیدان و شوێنە گشتیەکانی شاری ڕانیەیان ڕازاندووەتەوە.

قایمقامی قەزای ڕانیە، ئاشکرایشی کرد، کە وەزارەتی دارایی بڕی 27 ملیۆن دیناری بۆ ڕێوڕەسمی یادەکە تەرخان کردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی یادەکە ناکرێتەوە ئەوان ئەو بڕە پارەیان گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت. وەک خۆیشی دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی تەرخان کرابوو لە ئاست گەورەیی ڕووداوەکەدا نەبوو.

ھەڵکەوت محەمەد