كەننا: بە عەللاویـم گوت سەردانی سەرۆك بارزانی بكە.. ناكرێ لەجیاتی میللەتێك بڕیار بدەیت

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی رافیدەین لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە لاڕێدا برا و نەیانویست گۆڕانكاری بكرێت. لەبارەی ھەڵوێستی كورد و (سەرۆك بارزانی)ـیشەوە دەڵێ: "سەرۆك بارزانی لەسەر حەق بوو، بە عەللاویـم گوت ناكرێت لە جیاتی میللەتێك بڕیار بدەی، بڕۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بكە".

یونادم كەننا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زۆر ھەوڵ درا گۆڕانكاری لە عێراق بكرێت، بەڵام  محەمەد تۆفیق عەللاوی پابەند نەبوو بەو بنەمایانەوە بە شێوەیەك مامەڵەی دەكرد كه‌ بووه‌ هۆكارێك دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نەگەیشتەنه‌ ھیچ ئەنجامێك".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی رافیدەین گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ عەللاوی نەبووین بەو شێوەیە حكوومەت پێك بێنێ و ناكرێت بە ژمارە مامەڵە لەگەڵ پرسێكی وەھا گرینگدا بكرێت، چونكە پرسێكی نیشتیمانییە و مامەڵەكردن لەگەڵ ژمارە و پشتگوێخستنی ھەندێك پێكھاتە، دەرچوونە لە دەستوور".

ئەو سەركردەیەی كریستیان جەختی كردەوە: "دەیانویست كاندیدەكان لەسەر بنەمای حزبی دەستنیشان بكرێن، بۆ نموونە كەسێكی كریستیانیان كردە كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری و ئێمەیش لەسەری رازی بووین، كەچی لە ژێر فشاری ھەندێ لایەنی شیعیدا لە دواساتەكاندا كاندیدی ئێمەی گۆڕی بە كاندیدێكی حزبی".

لەبارەی ھەڵوێستی سەرۆك بارزانی، یونادم كەننا دەڵێت: "سەرۆك بارزانی لەسەر حەق بوو، چونكە كورد شەریكە لە عێراقدا، ئێمە پشتگیریی ھەڵوێستی سەرۆك بارزانیمان كرد، ھەتا من بە فەرمی و نووسین داوام كرد عەللاوی سەردانی سەرۆك بارزانی بكات بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كەچی نەیكرد، پێم گوت ناكرێت لەجیاتی میللەتێك بڕیار بدەیت و ھەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور تایبەتمەندیی خۆی ھەیە".

 

قائید میرۆ