مەحموود محەمەد بۆ KDP.info : یەکڕیزی گرەنتییە بۆ پاراستن و دەستکەوتی زیاتر

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ، ڕاپەڕین و دەرەنجامەکانی کە دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە، ئەنجامی پێکەوەیی و یەکڕیزیی لایەنەکان بووە، جەختیش لەوە دەکاتەوە بۆ پاراستن و دەستکەوتی زیاتر، یەکڕیزی گرەنتییە، ئاماژەش بەوە دەکات، لە دامەزراندنییەوە پارتی لە خەمی خەڵک و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا بووە.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا باس لە قۆناغی شۆڕش و ڕاپەرین و قۆناغە جیاجیاکانی کورد دەکات، کە چۆن پارتی بۆ هەر قۆناغێک کۆنگرەکانی خۆی بەستووە و تێیدا بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغەکە لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ داهاتوو، بەرنامەڕێژیی کردووە.

ڕاپەڕین ئەنجامی یەکڕیزی و ڕەتکردنەوەی بەڕێوەبردنی وڵات بە تاکلایەنە

مەحموود محەمەد، پیرۆزباییی ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان کرد، هاوکات بە ڕۆژێکی پرشنگداری لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا وێنا کرد، بەو پێیەی ٥ی ئازار وەرچەرخانێکی نوێ بووە لە مێژووی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، هەروەها هەوڵدانێک بووە بۆ تێکشکاندنی فکری دیکتاتۆریەتی و ڕزگاربوون لە حوکمڕانییەکی داپڵۆسێنەر.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی، بەشێکی دیکەی پاڵنەری ڕاپەڕین، بۆ پەنگخواردووییی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دژ بە گەلی کوردستان دەگێڕێتەوە، کە لە ٥ی ئازاردا بە ڕووی ڕژێمدا تەقییەوە، وەک ئەنفال، کیمیاباران، زیندەبەچاڵکردن و تەعریب و تەبعیس، وێرانکردنی گوندەکان، ئەوانە هەمووی لەنێو هەناوی خەڵکی کوردستاندا بوو.

ئەو پێشی وایە کە ڕاپەڕین، خەباتێکی سەردەمیانەی ئەوکاتی خەڵکی کوردستان بووە، کە ژێردەستییان ڕەت کردەوە و بەو سیستمە تاکڕەو و دیکتاتۆرەیان گوت، 'ئیدی بەسە'. ڕاپەڕین لە دیدی مەحموود محەمەدەوە بنەمای شکستپێهێنانی فکرەی دیکتاتۆرییە، کە دەیانویست بە زەبری هێز بیروبۆچوونی خۆیان بسەپێنن و وڵات بەڕێوە ببەن، پەیامێک بوو کە گوترا ئەم وڵاتە بە تەنیا لایەنێک و پێکهاتەیەک بەڕێوە نابرێت، هەروەها گەر ویست بۆ ئارامی و ئاسایشی وڵات هەیە، ئەوا دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی ئەم وڵاتە، سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان بەشدار بن.

مەحموود محەمەد، بۆیە بەشداریپێکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لە حوکمڕانیدا بە پێویست دەزانێت، چونکە عێراق بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە و مەزهەب دروست کراوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە هەر ئەو هەڕەمەکییە بۆتە هۆی ئەوەی، کە پێکهاتەی سوننە نەیتوانیوە لەم وڵاتەدا وەکخۆی دەیەوێ بژی، چ لە ڕووی کۆمەڵاتی، یا سیاسی، یان ئابووری، هەروەها شیعەش بە هەمانشێوە، ئێمەی کوردیش هەروەها، کە پێکهاتەی تورکمان و ئاشووری و سریانیشمان لەگەڵدا بوون، ئەوانیش تووشی نەهامەتی هاتوون، بە هۆکاری ئەو فکرە دیکتاتۆرییەی حوکمی دەکرد، ویستی ئەوە بوو، هەموان وەک ئەو بیر بکەنەوە، کە دەبێت لە ڕووی نەتەوە و ئایین و مەزهەبیشەوە وەکو ئەوان بیت، گەر وەکو ئەوان نەبیت، ڕەت دەکرایتەوە.

ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی مەترسیی دروستبوونەوەی هەڵەبجەیەکی دیکەی ڕەواندەوە

بە بۆچوونی مەحموود محەمەد چەندین هۆکار لەپشت سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانن، یەک لە هۆکارەکان یەکبوون و یەکڕیزیی کورد بووە، کە دوای داگیرکردنی کوەیت لایەنە سیاسییەکانی بەرەی کوردستانی پێکەوە کۆ بوونەوە و بەرنامەی ڕاپەڕین داڕێژرا، کە چۆن و لە کوێوە دەست پێ بکرێت، هەرچەندە خەڵکی ڕانییە یەک دوو ڕۆژ پێشتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی ڕاپەڕین، دیاربوو کە زەمینەی نێوخۆیان بۆ ئەو بەرنامەیە سازابوو، هۆکارکەیشی بۆ بوونی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە، کە پێشتر بە نهێنی نێردرابوونەوە نێو شارەکە و شارەکانی دیکە، هاوکات ئەو کۆمیتانەی ئەوکات لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە دروست کران بۆ چۆنییەتی سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینەکە.

بەرنامەرێژی ڕاپەڕین، بەلای ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە، کارێکی سەردەمیانە بووە، بەو پێیەی، کە بەهەڵەدا نەچن، هەروەها هەوڵ بدەن کێشە دروست نەبێت، هاوکات خەڵکێکی زۆر چەکداری حکوومەت بوون، بەرەی کوردستانی قسەی لەگەڵدا کردبوون و نامەشیان بۆ نێردرابوو، کە بێنە نێو ڕاپەڕینەکە و لەگەڵ خەڵکدا بن، ئەوە هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکە بوو، کە زۆرینەیان هاتنە نێو خەڵک و هاوکاریی ڕاپەڕینەکەیان کرد.

لە سەرەتای ڕاپەڕیندا، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی کوردستاندا دروست بوو، کە ڕژێم کیمیابارانی ڕانییە بکات، مەحموود محەمەد ئاماژە بە ڕەوینەوەی ئەو ترسە دەکات، ئەویش بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی لە هاتنەخوارەوەی بۆ نێو خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان، گڕوتینێکی زیاتری بە خۆپێشاندەران بەخشی و ئەو مەترسییەشی نەهێشت، کە ڕانییە کیمیاباران بکرێت، کە خودی بارزانی دێت و ڕاستەوخۆ خۆی سەرپەرشتیی ڕاپەڕین دەکات.

ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕین، سوپای ڕژێم بە هاوکاریی چەند جاشێکی کورد، لە کۆیەوە هێرشیان هێنایەوە و نزیک چوارقوڕنە بوونەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، کە هێزی خەڵک و پێشمەرگە ئەو هێرشە هاوبەشەی تێک شکاندەوە، چونکە خەڵکی کوردستان بڕیاری کۆتاییی خۆیان دابوو، کە چیتر نایانەوێ لەژێر سایەی حوکمڕانییەکی دیکتاتۆریدا بژین.

کۆڕەو؛ ئەو شۆڕشەی واقیعی گۆڕی

دوای ئەوەی ڕاپەڕین کۆی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، هەر بەپێی ئەو بەرنامەی، کە بەرەی کوردستانی دایڕشتبوو و سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی دەکرد، زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە ڕژێم پاک کرانەوە. مەحموود محەمەد ئاماژەی بەو هەزاران دیلە دا، کە کەوتنە دەست خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و، بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و هیچ کارێکی نەشیاویان لەگەڵدا نەکرا، بگرە بەڕێزەوە نێردرانەوە نێو کەسوکاری خۆیان، سەرباری ئەوەیش دەزاندرا، کە بەشێک لەوانە دەستیان لە ئەنفال و داپڵۆسینی گەلی کوردستاندا هەبووە، ئەو لێبوردەییەش بە بەشێکی سەرەکیی بەرنامەی بەرەی کوردستانی بۆ ڕاپەڕین دەزانێت.
ناوبراو ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق، سوور بوون لەسەر عەقڵییەتی خۆیان، کە دەبێت ئەو سەرهەڵدانە سەرکوت بکات، توانیشی هەندێ لە شارەکان بگرێتەوە، کە ئەنجام کۆڕەوە ملیۆنییەکەی گەلی کوردستانی گرتەوە. مەحموود محەمەد کۆڕەوەکەی گەلی کوردستان بە شۆڕش ناو دەبات، کە بووە هۆی گۆڕینی واقیع، چونکە کۆڕەو بە دنیای ڕاگەیاند، ئێمە چیتر نابینەوە دیلی ئەو حوکمڕانییە داپڵۆسێنەر و دیکتاتۆرییەتەی عێراق، ئامادەین واز لە سەروەت و سامان و ماڵمان بێنین و بڕۆین لە دەربەدەریدا بمرین، بەڵام ئامادە نین لەژێر ئەو جۆرە حوکمڕانییەدا بژین.
گوتەبێژی فەرمیی پارتی بۆیە کۆڕەو بە شۆڕش وێنا دەکات، کە بەو هۆیەوە ڕێکخراوەکانی جیهان و چەندین وڵاتی هێنایە سەرخەت، سەرەتا وای کرد هەستی مرۆڤایەتی بجووڵێنێت، دواتریش بابەتی سیاسیی ورووژاند، کە بۆ دەبێت گەلێک وای بەسەردا بێت، ئەو خەڵکە بێ جێوڕێ نەبوون، برسی نەبوون، خەڵکی جیهان تێگەیشتن، کە ئەم گەلە دیکتاتۆرییەتی قبوڵ ناکەن، هەر ئەوەش باکگراوندی ئەو کۆڕەوەیە، بۆیەشە دواتر ناوچەی ئارام بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کرا، کە بە سوپاسەوە، وڵاتی فەرەنسا دەوری کاریگەری هەبوو، بە هاوکاریی ئەمەریکا و هەندێ وڵاتی دیکە، ئەو ناوچەیە هاتە کایەوە، تەنانەت کۆماری ئیسلامی و تورکیاش هاوکاری گەلی ئێمەیان کرد و سنوورەکانیان بە ڕووی خەڵکی ئێمەدا کردەوە، لەوێشەوە تواندرا دەنگی ئەم گەلە بگاتە زۆربەی شوێنەکان.

وێڕای ناسینی ڕژێمی عێراق لەلایەن وڵاتانی دنیاوە، بەڵام بەرژەوەندییەکان ڕێی نەدەدان وەک ناسینەکەیان ڕەفتاری لەگەڵدا بکەن، بەڵام کۆڕەو بووە هۆی ئەوەی، بەشێک لە وڵاتان نەتوانن بەرەنگاری ئەو فکرەی ڕژێم نەبنەوە، سنووریان بۆ دانا، کە نابێ ئەوەی ڕژێم دەیەوێت دەستکراوە بێت و ئەنجامی بدات، هەرچەندە پێشتر ڕژێم کۆمەڵکوژیی گەلی کوردستانی دەکرد، ئەو وڵاتانە کاردانەوەیان نەبوو، ئەنفال و کیمیابارانیش کراین، بە هەمان شێوە بێدنگ بوون، بەڵام کۆڕەوی گەلی کوردستان ئەو بێدەنگییەی شکاند و هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکانیشی گۆڕی.

پارتی بۆ خزمەتکردن و وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دامەزراوە

مەحموود محەمەد، دەڵێ، کە لە دامەزراندنی پارتییەوە، ئەو حیزبە ئامانجەکانی خۆی دیار بووە، چ لە ڕووی چەکداری و بوارەکانی ئابووری و دیپلۆماسی و پەیوەندییەکان و کۆمەڵایەتییەوە، بەرنامەی هەبووە، گرینگیی بە هەموو بوارەکان داوە.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پارتی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی دامەزراوە، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان، لەهەر بارودۆخێکدا پارتی بەرنامەی هەبووە، کە لەگەڵیدا بگونجێت، هاوکات بۆ داهاتوویش بە هەمان شێوە، نموونەش بە گوتارەکەی جەنابی سەرۆک دێنێتەوە، کە لە کۆیە گوتی: "دەبێ لەمەودوا هەوڵ بدەین لە ڕێی هەڵبژاردنەوە حوکمڕانی بکەین"، ئەوەش مەبەستێکی ڕوون بوو، کە دەبێ هەمووان بەشداری حوکمڕانی بن، هاوکات بە نیشانەیەکی سەردەمیانەشی ناودەبات، کە تێکستەکەی بارزانی، ئاماژەیەک بووە بۆ ئەوەی، کە دەیانەوێت دەسەڵاتی شۆڕگێڕیی خۆیان بدەنە یاسا، گۆڕینی دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕی بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی، ئەویش لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ گەلی کوردستان.

پێشی وایە، کە پارتی لە قۆناغێکی سەختدا دامەزراوە، سەردەمانێک بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی نەتەوەیییەوە، خەڵکی نەیاندەزانی چۆن زوڵمیان لێ کراوە و چییان لێ داگیر کراوە و مافەکانیان چین، بەو پێیەی ئەوکاتە وەکو ئێستا نەبوو، وەسائیلی ڕاگەیاندن و پەیوەندی و هاتوچۆ زۆر کەم بوون، ئەوانەیشی کراون بە نەشرات و بڵاوکراوەی نهێنی کراون، هاوکات بە کۆبوونەوە و چوونە نێو خەڵکی ئەنجام دراون، هەموو ئەوانەش بە نهێنی و لەپێناو هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کراون، کە بە بۆچوونی مەحموود محەمەد، قۆناغی لەخەوهەستانی خەڵکی بووە، تا سەردەمی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی عێراق، بۆیەشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کاریگەریی پارتی بووە، تا لە ماددەی ٣ی دەستووری کاتیی ئەودەمەدا بنووسرێت، کورد و عەرەب هاوبەشن لە وڵاتدا، بۆیە بە دیکۆمێنتێکی نایاب لە مێژووی شۆڕشی گەلی کوردستانی دەبینێت، ئەوە جیا لەوەی مۆڵەتی فەرمیی بە حزبی کوردی درا، هاوکات مۆڵەتی بڵاوکراوەی کوردیش درا.

وەک ئەندامەکەی مەکتەب سیاسیی پارتی دەڵێ، کاتێ زاندرا حوکمڕانیی دیکتاتۆرییەتی دووبارە دەبێتەوە، پارتی شۆڕشی چەکداریی دەست پێ کرد، کە لە ساڵی ١٩٦١ بە جۆرێک شۆڕشی بەرپا کرد، تا ساڵی ١٩٦٣ و ١٩٦٤ حکوومەتی ئەوکاتی ناچار بە مفاوەزات کرد، تەنانەت دوای ئەوەی کودەتاش بەسەر عەبدولکەریم قاسم کرا، داوایان لە بارزانی نەمر کرد، کە مفاوەزاتی لەگەڵدا بکەن، ئەویش دەرگای مفاوەزاتی دانەخست.

ئەو جەختیش دەکاتەوە، کە پارتی لە هەموو قۆناغێکدا درکی بەوە کردووە، کە تا چەند توانای هەیە و دەبێت داوای چی بکات، هاوکات توانای بەرانبەریشی خوێندۆتەوە، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە لەژێر گوشاری شۆڕش لە لایەک، لایەکی دیکە خۆڕاگریی گەلێ کوردستان و لە ساڵی ١٩٧٠، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار کرا، ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار واژۆ بکات و ددان بە حوکمی زاتیی کوردستاندا بنێت، ئەوەش بە دەستکەوتێکی گەورەی شۆڕشی ئەیلوول و بارزانی نەمر ناو دەبات، کە بووەتە هۆی ئەوەی وردە وردە داواکارییەکانی کورد بەرزتر و زیاتر ببنەوە لە قۆناغەکانی دواتردا، کە لە لامەرکەزییەوە بۆ حوکمی زاتی و دواتر بووە فیدراڵی.

مەحموود محەمەد تیشک دەخاتە سەر دەستکەوتەکان و دەڵێ، ئەوەش بەو مانایە نایەت، کە پارتی بە تەنیا بووبێت لە وەدیهێنانی دەستکەوتەکان، بەڵکو لە دوای شۆڕشی گوڵانەوە هێز و لایەنی دیکەیش بەشدار بوون، هەمیشەش پارتی باوەڕی بەوە هەبووە، کە ساحەی کوردستان کراوەیە بۆ دروستبوونی ڕێکخراو و پارتی سیاسی، کە بتواندرێت هەموو لایەک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان تێ بکۆشن.

کۆنگرەکانی پارتی بەپێی قۆناغە جیاوازەکان

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، ١٣ کۆنگرەی بەستووە، کە ١٠ کۆنگرەی سەردەمی شاخ بووە، ٣ کۆنگرەیشی دوای ڕاپەڕین بووە و ئێستاش بەرەو کۆنگرەی ١٤ ئامادەکاری دەکات، مەحموود محەمەد لەوبارەوە دەڵێ، کە قۆناغەکان وا دەکەن، هەندێ لە تێڕوانین و بەرنامەی پارتی گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، پێش ڕاپەرین تێڕوانینەکان زیاتر لەسەر چۆنییەتیی ئیدارەدانی شۆڕش بوون، کە چۆن بوارە جیاجیاکانی ئیدارە بکرێن و بتواندرێ ئامانجەکانیان پێشانی دنیای دەرەوە بدەن، تا بتوانن پشتیوانی بەدەست بێنن، بەڵام دوای ڕاپەڕین و هاتنی قۆناغێکی نوێ، وەک گوتەبێژەکەی پارتی ڕوونی کردەوە، پێوستیان بە کۆنگرە بووە، چونکە هاتنە نێوشار، تایبەتمەندیی ئیدارە و تێڕوانینی خۆی هەیە، بۆیە هەر قۆناغە و جۆرێک بەرنامەی پێویستە، نموونەش بە کۆنگرەی یەکەم دێنێتەوە، کە ئەو حزبە ئیقراری فیدراڵییان بۆ کورد داوە، بەرنامەی بۆ داندراوە، کە چۆن لە نێوخۆ و دەرەوەشدا پاڵپشتی بۆ دروست دەکەیت و زەمینەی بۆ خۆش دەکەیت.
سەبارەت بە کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی دەکرێت، ناوبراو ئاماژە بەوە دەدا، کە ئامادەکارییەکانی بۆ دەکرێت و بۆچوونیان وایە، کە زیاتر دیدگایان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان چڕتر بکەنەوە، بە مەبەستی وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد، کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەم قۆناغەدا، بەو پێیەی ئەجوائی سیاسیی دەورووبەر و نێوخۆی عێراق لەبارترن، هاوکات گرینگیی جوگرافیای هەرێمیش هۆکاری دیکەن بۆ ئایندەیەکی گەش، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی ١٤دا بەرنامەی خۆی بۆ داهاتوو دیاری دەکات.

ململانێی پارتی و یەکێتی

لێرەولەوێ دەگوترێ کە دڕدۆنگییەک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە، بەتایبەت دوای کۆنگرەی یەکێتی، مەحموود محەمەد، سەبارەت بەو دەنگۆیانە دەڵێ، کە لەگەڵ یەکێتیدا بیروبۆچوون و تێڕوانینی جیاوازییان هەیە، تەنانەت بۆ چارەکردنی کێشەکانیش بە هەمان شێوە، بەو پێیەی دوو حزبی منافسن، بۆیە بە ئاسایی دەزانێت کە ململانێیان هەبێت، دەشڵێ، گەر لە هەموو کات و لەسەر هەموو شتێک، وەکو یەک بیر بکەنەوە و تێڕوانینیان یەک بێت، ئەی بۆ دوو حزب دەبن.

ئەو جیاوازیی بیرکردنەوەیان لەگەڵ یەکێتی بەو مانایە نازانێت، کە بەردەوام کێشەیان هەبێت، بەو پێیەی کێشە لەگەڵ جیاوازی دوو بابەتی جودان، بۆیە دەبێت دوژمنایەتی و ململانێ لە یەکتر جیا بکرێنەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، کە لە بواری ئابووری، یان سیاسی، یان کۆمەڵایەتی وەکو پارتی پێیان وایە بە جۆرێک چارە دەکرێن، بەڵام لایەنی بەرانبەر بە جۆرێکی دیکە.

بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەکانی گەلی کوردستان، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، جەخت لە یەکڕیزی و پێکەوەیی دەکاتەوە، نموونەش بەوە دێنێتەوە کە هەمیشە پێکەوەبوونیان بەرهەمدار و سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، وەکو ڕاپەڕین، ڕاکێشانی سۆزی دنیای دەرەوە و چەسپاندنی فیدراڵی و نووسینەوەی مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری عێراقدا بو پاراستنی ئەو دەستکەوتانەش پێکەوەبوون و یەکڕیزی بەپێوست دەزانێت، نەک تەنیا پارتی لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو هەموو حزبەکانی دیکەش بەپێی جوگرافیا و هەژموونی خویان، دەتوانن بەشێک بن لە وەدەستهێنان و پاراستنی مافەکان.

مەحموود محەمەد ڕایشیگەیاند، کە ئەوان وەکو پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەی یەکێتیدا دەکەن، کە دوای کۆنگرە دروست بووە، بەو پێیەی هەر حزبێک خوی بەرپرسە لە دانانی بەرپرسەکانی و پێدانی دەستەڵاتەکانیان، ئەوەی گرینگە بە لای ناوبراوەوە، ئەوەیە کە ململانێ مانای ڕەشکردنەوەی لایەنی بەرانبەر نییە، وەکچون لە ڕابردوودا هەندێ لایەن بەرانبەر پارتی دەیانکرد، یانیش دژایەتیی پارتییان لەپێناو ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی دەکرد، دەبێ ئەو بیرکردنەوەیە نەمێنێت، لە بەرانبەردا پێکەوەژیانی سیاسی بێتە کایەوە و قبووڵی بکەین، دەکرێ ڕەتی فکرە بکەین، نەک ڕەتی بەرانبەر بکەینەوە، لەپێناو خوپارێزیمان لەو تەحەدییانەی دژمان هەن، بەتایبەت کە فکرەی دیکتاتۆرییەتی هێشتا لە نێونەچووە، بەتایبەت لای هەندێ لە حوکمڕانانی عێراقی دوای ڕژێمی سەددامیش ماوە.

ئەو دەشڵێ، کە لە دوای ٢٠١٢ و ٢٠١٣ەوە ئەو فکرە تەشەنەی سەند، کە بۆچوونی خۆیان وەک ڕژێمی پێشوو بسەپێنن، نموونەش ناردنی دەبابە بۆ خانەقین دێنێتەوە، کە لە بەرانبەر ململانێیەکی سیاسی بەکار هێندرا، بڕینی بودجە و قووتی خەڵک، هەمان شتن، بەس قۆناغەکانیان جیاوازن. دەشڵێ کە منداڵ بووە، لەبیرییەتی شوێنێک بەدەست پێشمەرگەوە بووبێت، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق، نەیهێشتووە، ئەزراقیان بۆ بچێت، کە هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەوەی لەم قۆناغەدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت.

پێی وایە کە چۆن کورد ڕێزی لە عەرەب گرتووە، ئەوانیش دەبێ ڕێز لە کورد بگرن، عرووبەچێتی لە سەردەمی سەددامدا سوودی بە عێراق نەگەیاندووە، ئایا ئێستا سوودی دەبێت، بێگومان نەخێر، بۆیە پێویستە تێڕوانین و فکری خۆیان بگۆڕن، نموونەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانیشی هێنایەوە، کە چۆن شکستی هێنا، جەختیش لەوە دەکاتەوە، هەر کەسێ کاندیدی ئەو پۆستە بێت، ڕاستە کاندیدی پێکهاتەیەکی دیاریکراوە، بەڵام  پێویستە بزانێت سەرۆکوەزیرانی تائیفەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو سەرۆکوەزیرانی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتە و خۆیشی بە سەرۆکوەزیرانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانە، ناکرێ حیساب بۆ پێکهاتەکانی دیکە نەکات.

مەحموود محەمەد خۆشحاڵە بەوەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا بۆ یەکڕیزی جێی خۆی گرت، کە عەلاوی نەیتوانی دیکتاتۆرییەتی خۆی بسەپێنێت و کابینەکەی پێک بێنێت، چ جیاوازییەکی دەبوو لەگەڵ سەردەمی ڕژێمدا، کە بە ئارەزووی خۆی کوردێکی دیاری دەکرد و دەیکردە وەزیر، گەر پرس و ڕا بە لایەنە کوردستانییەکان نەکرێت، هەمان شتە، کە ئەویش هیچ ئیعتیبارێکی بۆ دامودەزگاکانی ئێمە دانەنا، چ سەرۆکایەتی، چ حکوومەت، چ پەرلەمان، یا حزبەکان، کە خاوەنی ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەن لە دژی فکرەی دیکتاتۆرییەتی، ئیدی چۆن ئێمە جارێکی دیکە ئەوە قبووڵ دەکەین.

هەربۆیەشە دوای شکستی عەلاوی، سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرجەم لایەنەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانی کرد، کە توانییان بە یەکڕیزی شکست بە فکرەی دیکتاتۆرییەتی بێننەوە.

جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پارتی خاوەنی ڕێبازی بارزانی نەمرە و بەردەوامن لە پیادەکردنی ئەو ڕێبازە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان و لە چارەکردنی کێشەکانیشدا هزری بارزانی ڕەنگدانەوەی هەیە.