هەولێر - KDP.info - بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا ھاووڵاتیانی شاری ھەولێر چوونە دەرەوەیان بۆ شوێنە گشتییەكان كەم كردووەتەوە و بەرپرسی پاركی ناو شار دەڵێت، بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی ڕابردوو ڕێژەی سەردانیكردن بۆ پاركی شار لەسەدا ٧٠ كەمی كردووە.
شوكر عەلی خان، بەرپرسی پاركی شاری نزیك قەڵای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "دانیشتووانی شاری ھەولێر بە شێوەیەكی باش ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان جێبەجێ دەكەن و ئێستا سەردانكردنیان بۆ پاركی شار و نزیك قەلای ھەولێر لەسەدا ٧٠ كەمی كردووە".
بەرپرسی پاكی شار دەڵێت: "ئەمڕۆ بەیانی بە مەبەستی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو پاركەكە، دەستمان كرد بە لابردنی شوێنی دانیشتن لە پاركەكە، بە خۆشحاڵییەوە ھاووڵاتیان ھاوكارن و بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ئەمڕۆ ڕێژەیەكی زۆر كەمتری خەڵك لەوێ بوو".
دەشڵێت: "گەنجان زیاتر پابەندی ڕێنماییەكان بوون بەھۆی ئاگاداربوونیان لە سۆشیالمیدیا، بەڵام بەشێك لە بەساڵاچووان ئەمڕۆ وەك ڕۆژانی ڕابردوو سەردانی پاركەكەیان كرد، ئێمە لە نزیكەوە گفتوگۆمان لەگەڵ كردن و گەیشتنە ئەو بڕوایەی ڕۆژانی داھاتوو لە ماڵەوە بمێننەوە، بۆ ئەوەی دوور بن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
ھەكار ھەركی