عەبدولڕەحمان ئاپۆ: ئێستاش ١٨ ئەندامی ئێمە لە گرتووخانەكانی پەیەدەدان

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.imfo -  سەركردیەكی ئەنەكەسە دەڵێت، پەیەدە لەژێر ناوی یەكڕیزیی پارتەکانی كورددا یاری بە كات دەكات و پابەندی بەڵێن و ڕێككەوتنەكان نییە. دەشڵێت، تا ئێستاش ١٨ ئەندامی ئەنەكەسە لە گرتووخانەكانی پەیەدەدان و چارەنووسیان نادیارە.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا و سەركردە لە ئەنەكەسەدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یەكڕیزیی پارتەکانی كورد كاتێك پێک دێت کە لایەنەكانی دیكەش كورد بن، بەڵام ئەوەی تێبینیمان كردووە پەیەدە خۆی لە كوردبوون داشووریوە و دەستبەرداری دۆزی كورد لە سووریا بووە، بەپێی بەرژەوەندییەكانی ڕژێمی سووریا و توركیا ھەڵسوكەوت دەكات، بۆیە بەدووری دەزانین پەیەدە نیەتی ھەبێت بە جیددی كار بۆ یەكڕیزیی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات."

ئاپۆ ئاماژەی بەوەش دا: "پێشتر پەیەدە سێ جار لە ڕێكکەوتنەكانی ھەولێر ١ و ٢ و دھۆك تاقی كراوەتەوە كە لەژێر سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك بارزانیدا واژۆ كران، بەڵام بەداخەوە پەیەدە پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوو و ئێمە پەكەكە بە ھۆكاری تێکچوونی ڕێككەوتنەكە دەزانین."

ئەو سەركردەیەی ئەنەكەسە دەشڵێت: "تا پەیەدە لەژێر ھێژمۆنیی قەندیلدا بێت، یەكڕێزیی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان سەر ناگرێت، ئەوەی ئێستا پەیەدە بانگەشەی بۆ دەكات، یەكڕیزی نییە، بەڵکو كوشتنی كاتە و بەكارھێنانی ئەو وشەیەیە بۆ بەرژەوەندیی خۆی".

لەبارەی ئەو ئەندامانەی ئەنەكەسەوە كە لە گرتووخانەكانی پەیەدەدان، ئاپۆ دەڵێت: "ئێستا ١٨ ئەندام و لایەنگرمان لە گرتووخانەكانی پەیەدەدان و چارەنووسیان نازانین، لەو دەستگێركراوانە ١٠ كەسیان كادیری ئێمەن و ٨ كەسی دیكەیان ئەفسەری پێشووی ڕژێمن كە وازیان لە ڕژێم ھێناوە و پەیوەندییان بە ڕێكخستنەكانی ئێمەوە كردووە، بەڵام دوای ئەوەی پەیەدە زانی بوون بە ئەندامی ئێمە، دەستگیری كردن".

عەبدولڕەحمان ئاپۆ ڕوونی كردەوە: "قوربانیی یەكەمی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەنەكەسە و ھاووڵاتیانی ڕۆژئاوان، چونكە پەیەدە لەگەڵ توركیا و ڕژێم و بەرەی نوسرە پەیوەندیی ھەیە، بەڵام ئێمە و ھاووڵاتیانی ڕۆژئاوا لەلای ھەمووان وەك دوژمن سەیری دەكرێین".

لە كوتاییی لێدوانەكەیدا (ئاپۆ) داوا لە پەیەدە دەكات، واز لە سڕینەوەی مێژووی ڕۆژئاوای كوردستان بھێنێت و دوور كەوێتەوە لە كرداری دوژمنایەتی بەرامبەر بە ھاووڵاتیان و ئەندامانی ئەنەكەسە و ڕفێنراوەكان ئازاد بكات.

ھەكار ھەركی