هەولێر -KDP.info- مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، گوتارێكی تایبهت به ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، كه پێویسته ههموو لایهك هاوكاری یهكتر بین، بۆ ئهوهی ئهم دۆخه سهختهش تێپهڕێنین، وهك چۆن به یهكهوه دۆخی سهختترمان تێپهڕاندووه.
دهقی وتارهكهی مهسروور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتیانی خۆشەویست:
ئەم کاتەتان باش
دەمەوێ لەم دەرفەتەدا ڕاستەوخۆ باسی ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناتان بۆ بکەم.
بەر لە هەرشتێك، سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆ سەلامەتیی ئێوەی بەڕێز گرتمانە بەر. پشتیوانیی و هەماهەنگیی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم، کە وێڕای هەوڵدانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵك و کۆنترۆڵی بازاڕەکان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و یەکە ئیدارییەکان و هەروەها وەزارەتی تەندروستی بکەم کە بە شێوەیەکی مەیدانی شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاری و پزیشكی و پەرستارانە دەکەم کە لە ڕیزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتیی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە.
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان وەك هەموو ناوچەکانی تری دنیا، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەوە، کە ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی و دەرکردنی ڕێنماییی تەندروستی. ئەوە بوو هەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک: ڕاگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان. دوای دیراسەکردنی دۆخەکەش، بڕیارمان دا هاتوچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ڕابگیرێت، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت. ئێستاش لە قۆناغێکداین کە پێویستە هاتوچۆی ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش سنووردار بکرێت.
هاووڵاتیانی بەڕێز
ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتیی ئێوەی خۆشەویست. ئەو ڕێکارانەی دەگیرێنە بەریش، هەمووی لەپێناو سەلامەتیی ئێوەیە. بەتایبەتی قەدەخەکردنی هاتوچۆ لەپێناو ئەوەیە کەمترین پەیوەندی هەبێت و ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبن.
ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر ئێوە، ئێوەش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆتان و کەسوکار و ناسیاو و هاووڵاتیانی تر. بۆیە ئەگەر هەموومان بە حکوومەت و هاووڵاتیانەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هاوکاری یەکتر بین و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەین، دەتوانین ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین و چەند زووتریش ئەوە بکەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە.
ئەم پەتایە کە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە، زیانی گیانیی هەبووە. تا ئێستا لە هەرێم 28 هاووڵاتی تووشبوو هەیە و یەك کەسیش گیانی لەدەست داوە. لێرەدا سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ نەخۆشەکان دەخوازم.
بەداخەوە دەبێ بڵێین کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بارودۆخە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر بەدیار دەکەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەریەکێک لە ئێمە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا هەبێت. بۆیە داواتان لێ دەکەم، پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەکانتان بشۆن و هاتوچۆ و تێکەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بکەن و هەتا بۆتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هەرکاتێکیش هەستتان بە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کرد پەیوەندی بە هیڵی گەرمی 122 بکەن، بۆ ئەوەی هاوکاری و ڕێنماییی پێویستتان پێشکەش بکەن.
هاووڵاتیانی بەڕێز
هەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ژیانی خەڵک و هەروەها لێکەوتەکانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن کە لە ڕابردوودا هەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان ڕووبەروو بووەتەوە، بۆ نموونە، بەدەیان جار ڕووبەڕووی ستەم و دیکتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەرکەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەم جارەش بە هاوکاریکردنی یەکتر و لە بەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، دەتوانین یەکگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین.
لێرەدا داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت و خاوەن موڵکەکان دەکەم کە ڕەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دووکاندارە کرێچییەکان بکەن بۆ ئەوەی هەردوولا بە هاوبەشی تەحەمولی زیانەکان بکەن و ئەرکی کرێچییەکان سووك بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووریی هەرێمی کوردستان. ئێمە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم، لەم ئەرکەدا هاوکار و پشتیوانمان بن.
لە ڕۆژانی داهاتووشدا دەزگاکانی حکوومەت قۆناخ بە قۆناخ لە هەنگاو و ڕێکارەکانی پێویست بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەکەنەوە.
سوپاس بۆ پشتیوانی و خۆڕاگریتان.
هیوادارین هەمووتان سەلامەت و پارێزراو بن و کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت.