ناتۆ: "ئۆکرانیا پێویستی بە ھاوکاری سەربازیی خێرا ھەیە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، ئۆکرانیا پێویستی بە ھاوکاری سەربازیی خێرا ھەیە.

یەنس ستۆڵتنبێرگ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کە تاکو سبەی پێنجشەممە لە برۆکسل بەردەوام دەبێت، لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا و ھەنگاوەکانی ناتۆ لە بەرامبەریدا کرد.

ستۆڵتنبێرگ ئاماژە بەوە کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، تاوتوێی ھێرشی سەر مەدەنییەکانی بوچا دەکرێت و گوتی: "رووداوەکان سرووشتی ئەو جەنگە نیشان دەدات کە سەرۆک پوتین بەردەوامی پێدەدات. بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی تاوانی جەنگە".

سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ چاودێری دوایین دۆخی ئۆکراینا دەکەن و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوانەی مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج سزای پێویست دەدرێن.

یەنس ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا گەیشتووەتە ئاستێکی ھەستیار و گوتی: "رووسیا لە ئێستادا بۆ بەھێزترکردنی یەکە سەربازییەکان و ئاراستەکردنیان بەرەو رۆژھەڵات و باکووری ئۆکرانیا دەیانگوازێتەوە. چاوەڕوانی ئۆپەراسیۆنێکی وشکایی گەورە دەکەین".