كەشناسی هه‌رێم: ئه‌مڕۆ خۆڵبارین كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ خۆڵبارین كۆتایی دێت و كه‌شناسی عێراقیش ده‌ڵێت، پله‌كانی گه‌رما به‌رزده‌بنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم، به‌پێی پێشبینییه‌كان ئه‌مڕۆ ئاسمانی هه‌رێم له‌ نێوان نیمچه‌ هه‌ور و هه‌وری ته‌واو ده‌بێت، له‌ دواساته‌كانی ئێواره‌شدا كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆلی خۆڵبارینه‌ی رووی له‌ هه‌رێم كردووه‌ كۆتایی دێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌پێی پێشبینییه‌كان ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ نمه‌باران ببارێت و له‌ هه‌ندێ شوێنیش ئه‌گه‌ری هه‌وره‌ بروسكه‌ ده‌بێت.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ده‌سته‌ی كه‌شناسی عێراق ، ئه‌مڕۆ و سبه‌ی ئاسمانی هه‌رێم ساماڵ و په‌ڵه‌هه‌ورده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش كه‌مێك به‌رزده‌بنه‌وه‌.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه‌شناسی عێراقدا ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه‌، رۆژی سێشه‌ممه‌، ئاسمانی هه‌رێم له‌نێوان ساماڵ و په‌ڵه‌هه‌ور ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش تاڕاده‌یه‌ك نزمده‌بنه‌وه‌.