له‌ عێراق 29 کەس بەتۆمەتی سووکایەتییکردن بە سێمبولە ئاینییەکان دەستگیرکردن

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی ٢٩ کەسی بەتۆمەتی سووکایەتییکردن بە سێمبولە ئاینییەکان راگەیاند.

دەزگای ناوبراو بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی بەغدا، زیقار، بابل، قادسیە، موسەننا، بەسرە، میسان، واست و نەجەف ٢٩ کەسیان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە بزووتنەوە توندئاژۆکان و سووکایەتییکردن بە سێمبولە ئاینییەکان، ھەروەھا ھەڕەشەکردن بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دەستگیرکردووە.

باسی لەوەش کردووە کە دەستگیرکراوەکان دوای وەرگرتنی گوتەکانیان، رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون.
دوێنێ سێشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی شەش کەسی بەتۆمەتی سووکایەتییکردن بە سێمبولە ئاینییەکان لە پارێزگاکانی بەسرە، کەربەلا و میسان راگەیاندبوو.

دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتاربێژی حوسەینییەی فەتحول موبین سەربە مەرجەعی شیعە، مەحمود سەرخی لە پارێزگای بابل دوای کردبوو مەزارگەکانی شیعە لە عێراق بڕوخێندرێن، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە سەربە مەحمود سەرخی-ن لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەستی پێ کردووە.

مەحمود سەرخی کە یەکێکە لە مەرجەعەکانی شیعە، لایەنگری زۆری لە پارێزگاکانی باشووری عێراق ھەیە و بەردەوام رەخنەی توند لەو پارتانە دەگرێت کە لە دوای ٢٠٠٣وە حکومڕانی عێراق دەکەن، ھەروەھا ھەڵوێستەکانی عەلی سیستانی رەتدەکاتەوە، بەتایبەتیش دەرکردنی فەتوای جیھادی کیفائیی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ٢٠١٤.