وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: دەسەڵاتدارانی هەرێم رۆژنامەنوسان و چالاكوانانیان زیندانی كردووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا راپۆرتی تایبه‌تی ساڵی 2021ـی له‌باره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ وڵاتانی جیهان بڵاوكرده‌وه‌ و به‌پێی ئه‌و به‌شه‌ى راپۆرته‌كه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان باس له‌ چه‌ندین لایه‌ن كراوه‌ كه‌ سه‌ره‌كی ترینیان دۆخی خراپی ئازادییه‌كان و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا باس له‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئازادییه‌كان كراوه‌، تێیدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕو كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه‌ چه‌ندین راپۆرت دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم تایبه‌ت به‌ خراپی دۆخی ئازادییه‌كان و ئازادی راده‌ربڕین و پێشێلكاریه‌كان نوسراوه‌ته‌وه‌ و باسیش له‌ دۆخی زیندانیانی بادینان كراوه‌ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم رۆژنامه‌نوسان و چالاكوانانیانى ده‌ستگیركردوه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی دور و درێژیش بێ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێن یاخود هیچ تۆمه‌تێكیان هه‌بێت زیندانى كراون.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وى ئه‌مریكا ئاشكراشكراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئاسایش و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س بێ تۆمه‌ت و سه‌پاندنی هیچ تاوانێك ده‌ستگیركراون و بێ دادگاییكردن له‌ زیندانه‌كان راگیراون.

له‌باره‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو حزب به‌ جیا ده‌زگاى ئه‌منیی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌شیان به‌سه‌ر خۆیان دابه‌شكردووه‌ و له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی هێزێكی نیشتیمانی نییه‌ و به‌ جیا له‌لایه‌ن ئه‌و دو حیزبه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

هه‌ر له‌باره‌ی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاسایشه‌وه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت كه‌ چه‌ندین راپۆرتی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ به‌هۆی خراپ به‌ڕێوه‌بردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی و ئاسایشی هه‌رێم ئه‌شكه‌نجه‌ی سزادراوان ده‌ده‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا باس له‌وه‌ ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی 2019 بونه‌ هۆكار بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یش به‌ ئازادی و دادپه‌روه‌رانه‌ و له‌ژێر چاودێری نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕێوه‌چو، به‌ڵام گروپه‌ میلیشیا سه‌ربازییه‌كان له‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندنه‌كان كردوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بوبێت.

له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری (2020)یش، راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌كی زۆر توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران كردووه‌ و ئاشكرای كردووه‌، تائێستا 54 خۆپیشانده‌ر بێسه‌روشوێنن و هه‌وڵیش بۆ كوشتنی 86 چالاكوان دراوه‌ و 35 چالاكوانیش كوژراون له‌ عێراق.