مەسرور بارزانی خۆی گه‌یاند توركیا و له‌گه‌ڵ ئەردۆغان كۆبوویه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا دەربڕی و رایگەیاند کە تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بەرنامەی سەردانەکەیدایە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فه‌یسبوك نووسیوویەتی "خۆشحاڵم بە سەردانەکەم بۆ تورکیا. ئەجێندای سەردانەکە بریتییە لە پرسەکانی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ھەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا و دواپێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە ".

ئەمڕۆ ھەینی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێک گەیشتە تورکیا و لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و ئەردۆغان بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کرا و جەخت لە فراوانکردنی دەرفەتەکانی ھاریکاری لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا کرایەوە.

هاوکات هەردوولا خواستی خۆیان بۆ گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی و پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دووپات کردەوە.