دیجیتال میدیای سپێده
ئێران رایگەیاند کە بەشێوەی نووسراو وەڵامی پێشنیازەکەی یەکێتیی ئەورووپایان داوەتەوە کە وەک دواهەمین رەشنووسی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی کردووە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، دوێنێ تاران بۆچوونی خۆی لەبارەی رەشنووسی رێککەوتن کە وەک نەخشەڕێگای کۆتایی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی قبوڵ دەکرێت و لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە پێشکەش کراوە، بە یەکێتیی ئەورووپا گەیاندووە.
لە هەواڵەکەدا وردەکاری باس نەکراوە لەبارەی ناوەڕۆکی وەڵامدانەوەکە، بەڵام سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە ئەگەر وەڵامی ئەمریکا بۆ رەشنووسی رێککەوتنی کۆتایی "راست و نەرم" بێت ئەوا دەگەن بە رێککەوتن.
ئێران ئاماژە بەوە دەدات کە چاوەڕوان دەکەن ئەمریکا لە دانوستانەکان لەسەر سێ بابەت کە لە میانی دانوستانەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام نەرمی بنوێنێت و لە دەقی رێککەوتنەکەدا ئاماژەیان پێ بدرێت و دڵنیاییش بدات لەسەر بەردەوامیدان بە رێککەوتنی ئەتۆمی.
- رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران
دانوستانەکان بەمەبەستی بە تەواوی کارکردن بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کە لە ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژووی لەسەر کرا و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەکە لە نیسانی ٢٠٢١ەوە بە شێوەی پچڕ پچڕ لە ڤیەننا بەڕێوە دەچن.
رووسیا، چین، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئێران لە ئاستی بەرزدا بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەن. هەرچی ئەمریکایشە کە تاکلایەنە لە ٢٠١٨ لە سەردەمی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتننامەکە کشایەوە، لە رێگای یەکێتیی ئەورووپاوە بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکات.
لە کاتێکدا واشنتۆن داوا دەکات کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵێنانەی لە کاتی رێککەوتننامەکەدا داونی، ئێرانیش داوا لە ئەمریکا دەکات کە لە رێککەوتننامەکە کشاوەتەوە سەرەتا بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەکە تەواوی سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت، دڵنیایی بدات لەوەی جارێکی دیکە لە رێککەوتننامەکە ناکشێتەوە. ئێران هەروەها داوا دەکات بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی "لێپرسینەوە سیاسییە" نێودەوڵەتییەکان دابخرێن.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ تاران لە ٢٥ی حوزەیران رایگەیاند بڕیار دراوە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رێگای یەکێتیی ئەورووپاوە لە دۆحە بەردەوامیان پێ بدرێت. لە ٢٩ی حوزەیرانیش رایگەیاند کە دانوستانەکان پێشکەوتنیان بەخۆوە نەبینیووە.
بۆرێڵ لە ٢٠ی تەمووز رایگەیاند بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رەشنووسێکی نوێیان پێشکەشی هەردوو وڵات کردووە. تاران و واشنتۆنیش رایانگەیاند کە بە ئەرێنی پێشوازی لە پێشنیازەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
لایەنەکان کە بۆ دووبارە دەست کردنەوە بە دانوستانەکان لە ٤ی ئاب لە ڤیەننا کۆبوونەوە، هەرچەند کۆبوونەوەکان کەمتر لە چوار رۆژیشیان خایاند بەڵام راگەیەندرا کە پێشکەوتنی گرنگ رووی داوە.
رۆژنامەی Wall Street Journalی ئەمریکی لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئەمریکییەوە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە لە ١١ی ئاب بڵاوی کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا بە مەبەستی کردنەوەی بەربەستەکانی بەردەم دانوستانەکان پێشنیازێکی پێشکەشی تاران کردووە بەمەبەستی داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی پێشووی ئێران.