فینلاند بەڕێژەی سەدا 90 پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی رووسیا کەم دەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

بەهۆی بەردەوامی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، فینلاند کەمکردنەوەی پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی رووسیا بەڕێژەی سەدا ٩٠، راگەیاند.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی پۆلیتیکۆی ئەمریکی، وەزیری دەرەوەی فینلاند، پێکا هاڤیستۆ ئەوەی ئاشکرا کردووە کە وڵاتەکەی لە مانگی ئەیلوولەوە تەنها سەدا ٩٠ی داواکاری گەشتیارانی رووسیای بۆ وەرگرتنی ڤیزای فینلاند پەسەند دەکات و لەم بارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەکات.

لەڕێی ئەم بڕیارەشەوە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆی نزیکەی هەزار داواکاری رۆژانەی هاووڵاتییانی رووسیا بۆ وەرگرتنی ڤیزا، تەنها ١٠٠ داواکارییان پەسەند بکرێن.

واش پێشبینی دەکرێت کە رۆژنامەنووسان، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی لە پێدانی ڤیزادا ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

کۆماری چیک، لیتوانیا، ئەستۆنیا، لێتۆنیا و پۆڵەندا بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر رووسیا، پێدانی ڤیزایان بە هاووڵاتییانی رووسیا راگرتووە، بەڵام ئەڵمانیا گرتنەبەری وەها رێوشوێنێک، رەت دەکاتەوە.

لەو بارەیەشەوە دوێنێ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵز لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە "ئەم جەنگە، جەنگی گەلی رووسیا نییە، بەڵکو جەنگی پوتین-ە".