پڕۆسه‌ى ده‌رهێنانى قوربانیان له‌ژێر داروبه‌ردی مه‌زاری قه‌تاره‌ى ئیمام عه‌لى به‌رده‌وامه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-08-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ دوایین ئاماردا وه‌زاه‌رتى ته‌ندروستى عێراق رایگه‌یاند، تا ئیستا چوار ته‌رم و شه‌ش بریندار له‌ژێر داروبه‌ردی مه‌زاری قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی له‌ كه‌به‌رلا ده‌رهێنراون، سه‌رجه‌م برینداره‌كان له‌لایه‌ن تیمی پزیشكیی چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه‌.

قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی یه‌كێكه‌ له‌ مه‌زارگه‌كانی شیعه‌ و به‌دووری نزیكه‌ی 30 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری پارێزگای كه‌ربه‌لا، ساڵانه‌ له‌ مانگی موحه‌ره‌مدا زه‌یاره‌تكارانى شیعه‌ له‌ میانه‌ى سه‌ردانیان بۆ كه‌ربه‌لا سه‌ردانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ پاش نیوه‌ڕى رۆژى شه‌ممه‌ ئه‌و ته‌پۆڵكه‌ خۆلینانه‌ى كه‌ له‌ نزیك مه‌زارگه‌كه‌ بوون به‌سه‌ر مه‌زارگه‌كه‌دا ڕوخان و ژماره‌یه‌ك له‌ زیاره‌تكاران كه‌وتنه‌ ژێر دار و به‌ردى ئه‌و داڕمانه‌.

نه‌سیف خه‌تابی، پارێزگاری كه‌ربه‌لا شه‌وى رابردوو له‌ كاتى سه‌ردانى بۆ شوێنى رووداوه‌كه‌ رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كه‌ن به‌هۆكاری جیۆلۆجی و له‌ئه‌نجامی داڕمانی زه‌وی، روداوه‌كه‌ی قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی كه‌وتبێته‌وه‌، به‌هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر شوێن و ناوچه‌كانی نزیك له‌ روداوه‌كه‌، ناوچه‌كه‌یان به‌ڕوی هاوڵاتیاندا داخستوه‌.

پارێزگارى كه‌ربه‌لا لیژنه‌یه‌كى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ پێكهێناوه‌ بۆ ده‌رخستنى ڕاستیه‌كان له‌ باره‌ى رووداوه‌كه‌ و دیاریكردنى كه‌مته‌رخه‌میه‌كان له‌ هۆكارى دروستبوونى ئه‌و ڕووداوه‌، به‌ڵام هاوڵاتیانى كه‌ربه‌لا ده‌ڵێن، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ هۆشدارى دراوه‌ له‌ داڕمانى ئه‌و گرده‌ خۆڵیانه‌ى كه‌ له‌ نزیك قه‌تاره‌ى ئیمام عه‌لى كوڕى ئه‌بو تاڵب هه‌بوون، داواكرابوو به‌ربه‌ست له‌ ده‌وری دروست بكرێت، به‌ڵام پارێزگارى كه‌ربه‌لا و ئیداره‌ى خۆجێى ئه‌و شاره‌ هۆشداریه‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌.