دیجیتال میدیای سپێده
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند که وەڵامی بۆچوونەکانی ئێرانی سەربارەی بە رەشنووسی دەقی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، داوەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "بۆچوونی ئێرانمان لەبارەی رەشنووسی دەقی یەکێتیی ئەورووپا لە رێگەی یەکێتی ئەورووپاوە پێگەیشت، لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ئەو پرسە ئەمڕۆ کۆتاییهات و وەڵاممان بۆ یەکێتیی ئەورووپا ناردووە".
پرایس هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی وەڵامەکەی ئەمریکاوە بڵاونەکردەوە.
- قۆناغی دانوستانەکانی ئێران
ساڵی ۲۰۱٥ رێککەوتننامەی وڵاتانی پێنج کۆ یەک، لە نێوان ئێران و ئەندامە هەمیشەییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا، رووسیا، چین، بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، واژوو کرا، بەگوێرەی رێککەوتننامەکە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکدەخاتەوە.
بەڵام لە ساڵی ۲۰۱٨دا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، تاکلایەنە لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشایەوە و دووبارە سزاکانی خستەوە سەر ئێران لە بەرامبەریشدا حکوومەتی تاران، هەنگاو بە هەنگاو لە جێبەجێکردنی رێککەوتتنامەکە وەستا و دووبارە دەستیکردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەکی بەرز.
بە ئامانجی دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا و زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەکە، لە نیسانی ۲۰۲۱دا دانوستانەکانی ڤییەنا دەستیان پێکرد، راگەیەندراوی کۆتایی دانوستانەکانیش لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە نێردرا بۆ ئێران، ئەمریکا و بەشداربووانی دیکەی دانوستانەکان. دوا بەدوای ئەمەش لایەنەکان بڕیاریاندا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران له ١٥ی ئابدا بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی رەشنووسی رێککەوتنەکە خستەڕوو که لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوه پێشکەش کرابوو و رایگەیاند که چاوەڕوانی وەڵامی ئەمریکا دەکەن سەبارەت بە رەشنووسی دەقەکە.
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاند، ئەگەر وەڵامێکی ئەرێنی لە ئەمریکاوە وەربگیرێت، دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکرێت.