دیجیتاڵ میدیای سپێده
باڵیۆزی سعوودیە لە بەیروت، وەلید بوخاری رایگەیاند کە لە میانی هەشت ساڵی رابردوودا، دەست بەسەر ٧٠٠ ملیۆن حەبی هۆشبەردا گیراوە کە لە لوبنانەوە رەوانەکراوە.
وەلید بوخاری دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی لوبنان، بەسام مەولەوی لە کۆنگرەیەگی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە بەیروت، سەرنجی بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی لوبنانەوە بۆ سعوودیە راکێشا و گوتی: "لە میانی هەشت ساڵی رابردوودا، تیمەکانی هۆبەی ریشەکێشکردنی ماددەی هۆشبەر، دەستیان بەسەر ٧٠٠ ملیۆن حەب و سەدان کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە".
باڵیۆزی سعوودیە لە بەیروت، وەلید بوخاری ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە حکوومەتی لوبنان لەو چەند ساڵەی دواییدا، چەند رێوشوێنێکی بۆ بەرگرتن لە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر گرتووەبەر.
وەلید ئەلبوخاری هەروەها داوای كرد، عەلی هاشم كە فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن سعوودیەوە دەرچووە و گومان دەکرێت لە لوبنان بێت، دیپۆرت بكرێتەوه و رادەست بە دەسەڵاتدارانی سعوودیە بكرێتەوه.
باڵیۆزی سعوودیە لە بەیروت، وەلید بوخاری بە ئاماژەدان بەوەی کە نووسراوێکی داواکاری دراوە بە حکوومەتی لوبنان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، جەختی لەوە کردەوە کە عەلی هاشم بووەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی سعوودیە و لە هەوڵی ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستیدا بووە.