لە چەند رۆژی داھاتوودا كارەبای پێویست بۆ دھۆك دابین دەكرێت

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەوڵەكانی خستووەتە گەڕ بۆ دابینكردنی كارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیان، گوتەبێژی وەزارەتی كارەباش دەڵێ، ژمارەیەك پلان ھەن بۆ دابینكردنی كارەبا و چاكسازییش لە كەرتی كارەبادا دەستی پێكردوە.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی كارەبا ھاوسەنگیی پاراستووە لە دابەشكردنی كارەبای نیشتیمانی بەسەر ھەموو ناوچەكانی ھەرێمی كوردستاندا و تەنیا پێشتر لە دھۆك كێشەی پێنەگەیشتنی پشكی ئەو پارێزگایە لە تۆڕی نیشتیمانی ھەبوو، بەڵام دواتر حكوومەت پڕۆژەی ھێڵی خەبات زەنگەنانی جێبەجێ كرد و لە چەند رۆژی داھاتوودا كۆتایی دێت و كارەبای پێویست بۆ دھۆك دابین دەكرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتیشی: "رۆژانە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان یەك ملیۆن تا یەك ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار لیتر گازی بۆ وەزارەتی كارەبا دابین كردووە، ئەویش بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ستراتیژی حكوومەتیشە لەبری بەكارھێنانی گاز، غازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا دابین بكات، كە سوودێكی زۆری بۆ كەرتی كارەبا دەبێت".

ئومێد ئەحمەد، پلانێكی دیكەی وەزارەتەكەی ئاشكرا كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "چاكسازی لە كەرتی كارەبادا دەستی پێكردووە و لە ھەندێ ناوچە چاكسازی لە تۆڕەكانی كارەبادا كراوە و بەردەوامیش لە ھەوڵداین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا و گەیشتنی كارەبای نیشتیمانی بە ھاوبەشنانمان".

 

قائید میرۆ