وەزارەتی نەوتی عێراق: تا ئێستا توركیا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم وەڵامی عێراقی نەداوەتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2023-06-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند تا ئێستا توركیا لەبارەی دەستكردنەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان وەڵامی عێراقی نەداوەتەوە بۆیە دیار نییە كەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێدەكاتەوە.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، بەغدا بۆ دەستكردنەوە بەهەناردەی نەوتی هەرێم ئامادەیە، بەڵام تا ئێستا توركیا وەڵامی نەداوەتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر ئەو دۆسێیە توركیا و عێراق هەر دەگەن بە رێككەوتن، بەڵام ئەوە لە سەر كات وەستاوە.
بەپێی ئامارەكان بەهۆی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەماوەی نزیكەی بە دوو مانگ و نیوی رابردوودا تا ئێستا ملیارێك و 953 ملیۆن دۆلار زیان لە عێراق و هەرێم كەوتووە.
ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی 25 ی مانگی 3 ی ئەمساڵەوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی عێراق سكاڵاكەی لەژووری ناوبژیوانی پاریسی دادگای نێودەوڵەتی لەتوركیا بردەوە.