هەرێمی كوردستان وێنەیەكی روونی پڕ شانازیی پێكەوەژیان و ئاشتییە، كە زۆرجار ئەم فەرهەنگە بووەتە مایەی ستایش و لێكنزیكبوونەوەی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا. چەند قۆناغ دۆخی عێراق ئاڵۆز بووە و هاووڵاتیانی بەر توندوتیژی مەزهەبی یاخود ململانێی حیزبی یا مەترسیيەكانی تیرۆر بووەتەوە، روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە سایەی ئەم فەرهەنگ و كولتوورەی پێكەوەژیان و ئاشتییەدا هەناسەی پڕ ئازادیان هەڵمژن.
راستە ئاشتی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، ڕەگێكی پتەوی مێژوويی هەیە، بەڵام زۆرجار لەبەردەم مەترسی بووە و دوژمنانی كورد ویستوویانە ئەم كولتوورە، كە ناسنامەیەكی ترە بۆ كورد، تێك بشكێنن و شانازيیەكەی بسڕنەوە، بەڵام تەبایی خەڵك و حزبەكان بۆ پاراستنی ئاشتی و پێكەوەژیان و نەتەوە و ئایينەكانی دیكە، بەهەمان شێوە هۆكارێكی باش و یارمەتیدەر بوونە تا خەونی دوژمنان نەیەتەدی، لەگەڵیش دا پاڵپشتی سیاسی حكومەت و دامەزراوە و یاساكانی هەرێم هۆكاری ترن بۆ مانەوەی بەهێزی كلتور و فەرهەنگی پێكەوەژیان.
سەرجەم كابینەكانی حكومەتی هەرێم لەو چوارچێوەیەدا كە پرەنسیپێكی نەگۆڕە، بڕوایان بە پەرەپێدانی ئاشتی و پێكەوەژیان هەیە كاریان لەسەری كردووە و تا بە ئەمڕۆ دەگات كە كابینەی نۆیەمە، هاوتەریب لەگەڵ كولتوورەكەدا پارێزگاریيەكی بەهێز لە مانەوەی ناوبانگی ئاشتی و پێكەوەژیان لە كوردستان دەكات، بە پێچەوانەوەش لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەم كولتوورە نەك بوونی نییە، بەڵكو بە هەنگاوە مەزهەبیەكانیان مەترسیان لەسەر سەرجەم پێكهاتەكانی دروست كردووە، پێكهاتەكانی بە ناچاری وەك پەناگەیەكی ئارام، ڕوو لە كوردستان دەكەن و بەم دوايیەش بەشێكی زۆری بڕوادارانی ئايینی كریستیان بۆ هەولێر و دهۆك و چەند شوێنێ تری كوردستان هاتن، دوایین ئاماژەی روونیش بۆ ئەو پێكەوەژیانەی ئاشتییانەی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوی هەفتەی رابردووی كاردیناڵ لویس ساكۆیە، كە رایگەیاندبوو بەغدا جێدەهێڵێت و لە یەكێك لە كڵێسكانی هەرێمی كوردستان، درێژە بە ئەركی خۆی دەدات، ئەوانە نیشانەی راستی ناوبانگی ئاشتی و پێكەوەژیانن و پێویستە هەموو كوردێك شانازی بەمە بكات و پاڵپشتی حكومەت بێت تا ئەم كولتوور و فەرهەنگە لە سەرئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بناسێنی.