محمد ڕەئوف محمد / پێش ئەوەی باسی حكومەتی ئایندە بكەین پێویستە چەند خاڵێكی ڕاست و پشتڕاستكراوە بڵێین:
یەكەم : هەموو حیزب و لایەنەكان پێش هەڵبژاردن ڕایانگەیاند ئەم هەڵبژاردنە گرنگ و یەكلاكەرەوەیە، قسەكانیان ڕاست دەرچوو جا هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتەوە بە خۆیدا بزانێت بۆ وایوت ؟ چۆن وادەرچوو؟
دووەم : هەموو لایەنێك ڕایگەیاند ئەم هەڵبژاردنە دوور دەبێت لە تەزویرو دیزاین ، تەنانەت پارتیش وازی لە باسی دیزاین هێنا.
سێیەم:خەڵكی كوردستان دەنگیدا و هات بەدەم بانگەشەی لایەكانەوە ، ئیدی هیچ كەس و لایەنێك بۆی نیە گلەیی و گازندە لە هاوڵاتیان و دەنگدەران بكات.
چوارەم : یەكەم هەڵبژاردن بوو لەو سی ساڵەدا ئۆپۆزسیۆن چی زانی و چی توانی وتی و كردی بەدەسەڵات و دەسەڵاتیش ئەوەی پێی كرا كردی بۆ پاراستنی پێگەو قورسایی و مانەوەی لەدەسەڵات و ڕەوتی هەڵبژاردنیش زۆر ئارام و دوور لە توندو تیژی و چاوسوركردنەوەو فڕاندنی سندوق بوو..
لە كۆتاییدا كەس نكولی لەو چوار خاڵە ناكات، كەواتە ئیدی سەرەی ئەوەیە هاوڵاتیان و دەنگدەران پاداشت بكرێن و هەرچی زوتر حكومەت پێكبهێنرێت.
پێكهێنانی حكومەت :
بۆچی پێویستە زوو حكومەت پێكبهێنرێت؟
لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەوانە:
یەكەم :پەیمانی زۆریان بە دەنگدەرو خەڵكداوە .
دووەم :قەیرانی موچەو بوجە هێشتا چارەسەر نەبوەو ناجێگیرەو ئەگەر حكومەتێكی نوێ و گەرم و گوڕ دەست بەكارنەبێت زیاتر ناجێگیر دەبێت.
سێیەم :دۆخی ناوچەكە ناسەقامگیرەو ئەگەری ڕوداوو پێشهاتی قورس هەیە و ئەوەش پیویست دەكات حكومەتێكی نوێ و تۆكمە هەبێت و خۆی ئامادەبكات بۆ هەر ئەگەرێكی باش و خراپ.
شێوازی حكومەتی كابینەی دە چۆن دەبێت؟
ئەگەرو بژاردەی یەكەم پارتی و یەكێتی كابینەكە پێكدەهێنن و توركمان و ئاشوری بەشدار دەكەن.
بژاردەو ئەگەری دوەم ئەوەیە پارتی و یەكێتی حكومەت پێكدەهێنن و لایەنی دیكەش قەناعەت پێدەكەن و بە ئیمتیازی گونجاوەوە حكومەتێكی ئیئتیلافی دروست دەكەن.
ئەگەری سێیەم پارتی و یەكێتی و هەموو لایەنە براوەكان حكومەتی بنكە فراوان پێكدەهێنن جگە لە نەوەی نوێ ، لەبەر ئەوەی نەوەی نوێ دەنگەكانی بەستراوە بەئۆپۆزسیۆن بونەوە ئەگەر بەشداری بكات چارەنوسی وەك گۆڕانی لێدێت.
مەرجەكانی حكومەتێكی تۆكمەو یەكدەست و سەركەوتوو چیە؟
یەكەم :پێویستە پارتی بەهەندێك لە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە بەتایبەت چەمكی شەراكەت وەك خۆی بەرجەستە بكات.
دووەم : بابەتی داهات و نەوت و بوجە نابێت هیچ گومان و تەم و مژێكی تێدا بمێنێت .
سێیەم : ئەگەر حكومەت بنكە فراوان بوو نابێت پارتیو یەكێتی بە پلان و زیهنیەتی فیفتی فیفتی حكومەت پێكبهێنن.
چوارەم : پێویستە وەزیرو وەزارەت خاوەنی ستاف و بوجەو دەسەڵاتی تەواو بێت و كارو ئەركەكانی لە ژێر چاودێری پەڕلەماندا بێت.
پێنجەم : پێویستە مانگی یانزەی هەموو ساڵێك بوجە تەخمین بكرێت و بخرێتە بەردەستی پەڕلەمان. .
شەشەم : كاركردن لەسەر كرانەوەی بازاڕو سوك كردنی باری گرانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران لە پێشینەی ستراتیجی حكومەت بێت.
حەوتەم : بوجەی خزمەتگوزاری شارەكان تەواو شەفاف و دادپەروەرانە بێت.
هەشتەم : دابەشكردنی وەزارەتەكان بیانوبڕ بێت بۆ بەشداربوانی حكومەت.