بەشار ئەسەد: هەتا تورکیا لە سوریا نەکشێتەوە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام نادەم

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-10 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرۆکی سوریا دەڵێت هەتا تورکیا لەسەر خاکی وڵاتەکەی بێت ئەوا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەنجام نادات و پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ئاسایی نابنەوە. هەروەها تورکیای بەرپرسیار دانا لەوەی لە وڵاتەکەی ڕوویداوە و ڕوودەدات. کەناڵی سکای نیوز عەرەبییە، ئێوارەی چوارشەممە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی سوریا بڵاوکردەوە کە لە کۆشکی موهاجرین لە دیمەشقی پایتەخت لەگەڵیدا ئەنجام دابوو، ئەمەش یەکەم جارە لەوەتای شەڕی ناوخۆی سوریا هەڵگیرسا لە 2011 ، چاوپێکەوتنێکی لەو جۆرە لەلایەن کەناڵێکی عەرەبییەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجام بدرێت. سەبارەت بە پێشنیاری تورکیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سوریا بەبێ مەرجی پێش وەخت، بەشار ئەسەد ڕەتیکردەوە کۆبوونەوەیەکی وەها لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام بدات هەتا تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێتەوە و پشتیوانیکردنی لە ئۆپۆزسیۆن کە بە تێرۆرستان ناودێریان دەکات ڕانەگرێت. لە بارەی ئەوەی ئەنقەرەش دەڵێت تێرۆستان لە خاکی سوریاوە هەڕەشەن بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا، سەرۆکی سوریا وتی "ڕاستیەکەی تێرۆرستان دەستکردی تورکیان وەکو بەرەی نوسرە و ئەحرار ئەلشام و ئەو گروپانەی دیکەی ناوی جۆراوجۆریان هەیە، وە هەتا ئێستاش تورکیا کۆمەکیان دەکات، ئیدی باسی کام تێرۆرست دەکات؟." ئەوەی جێبی سەرنج بوو بە هیچ شێوەیەک باسی هێزە کوردییەکانی سوریای نەکرد کە تورکیا وەکو تێرۆرست ناودێریان دەکات. ئەسەد وتیشی هەوڵی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵیدا، تەنیا بە ئامانجی پێدانی ڕەوایەتییە بۆ بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا. بەشار ئەسەد جەختی کردەوە کە ڕژێمەکەی کارێکی ڕاست و دروستی کردووە کە لە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵی ڕابردوو بە هێزی لەشکری ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی بوویەوە و وتی ئێستاش ئەگەر کات بگەڕێتەوە هەر هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات، بەڵام وتیشی پێشبینی نەدەکرد ئەو زیانە گەورەیە بەر وڵاتەکەی بکەوێت، بەو پێیەی وەک خۆی دەڵێت چونکە نەیاندەزانی چ پلانێک لە دژیان دانرابوو. سەبارەت بەوەی ئایا بیری لێکردووەتەوە دەسەڵات جێبهێڵێت کاتێک لەسەر ئاستی کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەو داوایەی لێکرا، وتی لەو دۆخە و لەبەر فشاری دەرەکی واز لە دەسەڵات بهێنیت ئەوە پێی دەوترێت "هەڵهاتن". ڕەتیکردەوە ڕژێمەکەی بەرپرسیار بێت لە کوژران زیاتر لە 350 هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە لە خەڵکی سوریا و وێرانبوونی لایەکی وڵاتەکە، وتی کاری دەوڵەتە شەڕی تێرۆرزم بکات، بەڵام ئەوانەی بەرپرسیارن لەوەی کە ڕوویداوە، ئەوانن کە لەگەڵ تێرۆرستاندا بوون و پلانیان بۆ دانان. پاشان نکۆڵی نەکرد لەوەی بەشداریکردنی ئێران و ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە مانەوەی لەسەر دەسەڵات. لە بارەی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەب، سەرۆکی سوریا بە گرنگی دانەنا و وتی هەتا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب شتێکی ڕوکەشییەوە و زیاتر وتار خوێندنەوە، وتیشی کۆمکاری عەرەب هەتا ئێستا نەبووەتە دامەزراوەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عەرەب. لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کێ بە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە وڵاتەکە دەزانێت، بەشار ئەسەد وەڵامی ناڕوونی دایەوە و وتی "ئەوەیە لە ناو میلـلەتەکە هەڵقوڵابێت نەک لە لایەن دەزگا سیخوڕییە بیانییەکانەوە هاتبێت." جەختی کردەوە کە هیچ پەنابەرێک سوریایی گەڕابێتەوە بۆ وڵاتەکەی و دەستگیرکرابێت، وتی لە ساڵانی ڕابردوو نزیکەی نیو ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە و کەس دەستگیرنەکراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان پەنابەران ناگەڕێنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە ئێستادا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەکان. بەشار ئەسەد نکۆڵی کرد ڕژێمەکەی دەستی هەبێت لە زیادبوونی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەی و گوتی ئەو وڵاتانە بەرپرسیارن کە ئەم دۆخە ناهەموارەیان لە ناو سوریا دروستکرد. لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ دیپلۆماتانی ئەمەریکا ، ئەسەد وتی بۆ چەندین ساڵ بە شێوەی بچڕ بچڕ وتووێژ لە نێوانیان هەبوو، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون. وتیشی هیچ هیوایەکیشیان نییە بە ئەنجامێک لەگەڵ ئەمەریکا بگەن ئیدی هەر کەسێک لەسەر دەسەڵاتی ئەمەریکا بێت. سەبارەت بە ئیسرائیل وتی هەتا ئیسرائیل ئامادە نەبێت خاکەکە بگەڕێنێتەوە ئەوا ئامادە نین پەیوەندی لەگەڵدا بکەن، بەڵام ڕوونی نەکردەوە مەبەستی لە خاک تەنیا ناوچەی گۆلانە یان ناوچەی دیکەش دەگرێتەوە. لە بارەی بۆردمانی میلیشیاکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سوریان بەشار ئەسەد وتی ئیسرائیل بە ناوی بوونی ئێرانییەکانەوە لە سوریا لەشکری وڵاتەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی دەکاتە ئامانج. پاشان باسی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپی حەماسی فەلەستینیەکان کرد و وتی ڕێبەرانی ئەو گروپە خیانەتیان لێکردین، بۆیە هەر وا بە ئاسانی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ئەو گروپە فەلەستینیە ئاسایی نابێتەوە. لەم ماوەی ئەو چاوپێکەوتنە کە نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند، بە هیچ شێوەیەک باسی پرسی کورد و هێزە کوردییەکان نەکرا. سەرچاوە / کەناڵی سکای نیوز عەرەبییە