رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سەرۆک مەسعود بارزانی لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ لەگەڵ چین و توێژەکانی سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە داخوازییەکانیان گرت. بەرپرسی لقی ئاکرێی پارتی دەڵێت، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی ئەوەبوو کە "لە نزیکەوە گوێ لە خەڵک بگرێت بۆ ئەوەی بزانێت داخوازی و گلەییەکانیان چین" و ئامادەبووانیش باس لەو داواکارییانە دەکەن ئاراستەی سەرۆک بارزانییان کردووە.
رۆژی هەینی، 18ـی ئابی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی قەزای ئاکرێی کرد و سەرەتا لە بارەگای لقی نۆی پارتی لەگەڵ هەندێک لە کەسایەتی و بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگای دهۆک و بەرپرسانی حیزبی کۆبووەوە. هەریەکە لە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، پشتیوان سادق، بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە دهۆک، قایمقامی ئاکرێ، قایمقامی بەردەڕەش و کارگێڕانی لقی نۆ لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
کاژێر 16:00 سەرۆک مەسعود بارزانی لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ دیدارێکی لەگەڵ جەماوەر و خەڵکی سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجامدا و دوای ئەوەی گوتارێکی پێشکێشکرد، گوێی لە داخوازی هاونیشتمانییانیش.
ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی
مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ قەزاکە بە نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆنگرەی 14ـی پارتییەوە ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک بارزانییە بۆ سنووری بادینان کە لە قەزای ئاکرێ و بەردەڕەشەوە دەستیپێکرد. مەبەستی لە سەردانەکە ئەوەبوو لە نزیکەوە گوێ لە خەڵک بگرێت بۆ ئەوەی بزانێت داخوازی و گلەییەکانیان چییە."
مەردان خدر دەڵێت، "هەر لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە لە هەموو چین و توێژەکانی قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش خەڵکمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی لە نزیکەوە گوێ لە گلەیی و داخوازییەکانیان بگرێت. بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی لە دیدارەکەی سەرۆک بارزانیدا بەشداربوون چوار توێژی گەنجان، ئافرەتان، جووتیار و کاسبکاران بوون و بەتایبەتیش ئامانجمان ئەوە بوو سەرۆک بارزانی گوێ لە داخوازی و گلەیی ئەو توێژانە بگرێت".
"98٪ـی ئەوانەی قسەیان کرد گەنج بوون"
مەردان خدر باس لەوە دەکات کە لە دیدارەکەدا خەڵکێکی زۆر بە راشکاوی گلەیی و داخوازییەکانیان گەیاندە سەرۆک بارزانی و باس لە پێویستییەکانی ئەو دەڤەرە و داخوازییەکان کرا و دەشڵێت، "ئەوانەی لەو دیدارە قسەیان کرد، 98٪ـیان گەنج بوون و کەس لەوێ بابەتە کەسییەکانی خۆی باس نەکرد؛ ئەوەی باسکرا پەیوەستبوو بە پرسە گشتییەکان و پێداویستییەکانی ژیانی ئەمڕۆی خەڵک لە ناوچەکە".
لەبارەی نێوەڕۆکی داخوازییەکانی خەڵک لە سەرۆک بارزانی، بەرپرسی لقی ئاکرێی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەو کەسانەی لە دیدارەکەدا قسەیان کرد، زیاتر لەسەر خزمەتگوزاری، پرۆژە ستراتیژییەکانی وەک رێگەوبان وەستان و داخوازی هاوبەشی زۆربەی بەشداربووان ئەوە بوو کە دەڤەری ئاکرێ و بەردەڕەش بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ".
بە گوتەی مەردان خدر، "خەڵکەکە هەر داخوازییەکیان دەکرد، سەرۆک بارزانی لای خۆی دەینووسی؛ بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەو خاڵ و سەرنجانەی قسەیان لەسەرکراوە، یەک بە یەکیان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و لەنێوان لقی نۆ و بارەگای بارزانی و دامودەزگا حکومییەکانی ناوچەکە هاوئاهەنگی دەکرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوونی وردیان بۆ بکرێت و بەگوێرەی توانا جێبەجێ بکرێن".
داخوازیی هاووڵاتییانی ئاکرێ و بەردەڕەش لە سەرۆک بارزانی
بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کە لە دیدارەکەی هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ داخوازییان لە سەرۆک بارزانی هەبوو، قسەیان بۆ رووداو کرد و گەنجێکی خەڵکی بەردەڕەش بە رووداوی گوت، "سەرۆک بارزانی پێداگری لەوە کرد لە بوارەکانی کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری و تەندروستی زیاترین خزمەتی ناوچەکەمان بکرێت و باسی لەوە کرد کە نابێ بە تەنیا پشت بە نەوت ببەستین. من داوام لە سەرۆک کرد رێگەوبانەکانمان بۆ باشتر بکرێت و ئاوڕ لە کەرتی تەندروستی بدرێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەیەکی گشتیمان لە بەردەڕەش نییە و بۆ چارەسەریی نەخۆشەکانمان ناچارین بچین بۆ ئاکرێ".
مامۆستایەکی خەڵکی ئاکرێ کە ئەویش لە دیدارەکەی سەرۆک بارزانیدا بەشدارببوو، بە رووداوی راگەیاند، "لە دیدارەکەدا قسەم کرد و بە سەرۆک بارزانیم گوت، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی وانەبێژ لە دەڤەرەکەمان هەن و داواکارم بەدواداچوون بۆ ژیان و گوزەرانیان بکەن".
ئەو مامۆستایە گوتیشی، "بە سەرۆک بارزانیم گوت حەز دەکەم پرسیار لە بەرپرسانی ئاکرێ بکەیت کە ئاخۆ قەزاکەمان مۆڵ، پارک، شاری یاری و پرۆژەی ستراتیجی لێیە؟ ئێمە بەداخەوە لە هەموو ئەو پرۆژانە بێبەشین و داوا لە جەنابت دەکەین ئەو پرۆژانە بۆ قەزای ئاکرێ جێبەجێ بکەن. ئەوەشم بە سەرۆک راگەیاند کە هەندێک بەرپرسی حیزبی و حکومی هەن بۆ ئامانجی کەسی خۆیان پۆستەکانیان بەکاردەهێنن و داوا دەکەم بەدواداچوونێکیش بۆ ئەو پرسە بکەن".
هاووڵاتییەکی دیکەی قەزای ئاکرێ کە پێشمەرگەیە و لە دیدارەکەدا قسەی کردووە، باسی لەوە کرد کە لە دەستپێکی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پێی گوتوون، "حەز دەکەم ئێوە پێمان بڵێن کە چیتان بۆ بکەین و چ خزمەتێکتان بکەین بۆ ئەوەی ناوچەکەتان باشتر بکرێت؟"
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، "نزیکەی هەزار و 200 پێشمەرگەی فەرماندەیی زێرەڤانی مانگانە 21 رۆژ دەوام دەکەن و نۆ رۆژ لە ماڵەوەن. داوام لە سەرۆک بارزانی کرد کە وەکو هێزەکانی دیکەی پێشمەرگە 15 رۆژ ئێمەش دەوام بکەین و 15 رۆژ لە ماڵەوە بین، چونکە زۆربەمان خاوەن هاوژین و منداڵین".
رۆژنامەنووسێکی خەڵکی ئاکرێش بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "لەو دیدارەدا کێشەی نووسەر و رۆژنامەنووسانی ناوچەکەم بۆ سەرۆک بارزانی باسکرد و گوتم، نووسەرانی ئاکرێ ئەگەر وتارێک یان بابەتێکی رۆژنامەڤانی دەنووسن، ناچارن بۆ رۆژنامەی شارێکی دیکەی بنێرن تا بڵاو بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا ئاکرێ هیچ رۆژنامە و کەناڵێکی راگەیاندنی تایبەت بە خۆی نییە و داوام ئەوەیە لەو رووەوە ئاوڕێک لە قەزاکەمان بدرێتەوە".