ڕاگەیاندنی سوریا: بەهۆی هێرشێک بۆ سەر شوێنی لە دایکبوونی ئەسەد، هاووڵاتیەک بریندار دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-08-23 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

میدیای  دەوڵەتی سوریا ڕادەگەیەنێت، ڕۆژی چوارشەممە  شوێنی لە دایکبوونی سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد لە پارێزگای لازقییەی کەناراوەکانی سووریا تۆپباران کراوە و بەهۆیەوە هاووڵاتیەکی سیڤیل بریندار بووە، ئەمەش دووەم هێرشی لەو جۆرەیە لە ماوەی دوو مانگدا. ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانا لە زاری سەرچاوەیەکی پۆلیس ڕایگەیاند "پێنج گولە تۆپ لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە هەڵدراون و بەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ناوچەی قەردەها کەوتوون و هاووڵاتیەکی سڤیلیش بریندار بووە." ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤیش کە چاودێری شەڕی سوریا دەکات ڕایگەیاند، لەو هێرشەدا کە لە کاتی بەرەبەیاندا لە لایەن چەکدارانی سەر بە گروپى جیهادى هەیئەت تەحریر ئەلشام ئەنجامدراوە، هاووڵاتییەکى سیڤیل بریندار بووە. گروپی جیهادی هەیئەت تەحریر ئەلشام ناسراو بە  HTS بە سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی پێشووی قاعیدەی سوریا، بەشێک لە پارێزگای ئیدلب و بەشێک لە پارێزگاکانی تری وەک حەلەب، حەما و لازقییەی کۆنترۆڵ کردووە. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی لە بەریتانیایە و تۆڕێکی فراوانی لەناو سوریادا هەیە لە کاتی هێرشەکەی پێشوی سەر قەردەها لە 23ی مانگی شەش گوتی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا هاووڵاتیەکی مەدەنی کوژراوە. ڕامین عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەکە دەڵێت دوایین تۆپباران لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی مۆسکۆی هاوپەیمانی دیمەشق لە تۆڵەسەندنەوەیەکدا بەرامبەر بە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر خاکی ژێر دەسەڵاتی حکومەت زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ڕووسیا بە شێوەیەکی سەرەکی بنکەکانی ئەو گروپەی کردووەتە ئامانج کە گومانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لێدەکرێت. دەستێوەردانەکانی مۆسکۆ لە شەڕی سوریا لە ساڵی 2015ەوە یارمەتی دیمەشقیان داوە کە بەشێکی زۆری ئەو خاکە کۆنترۆڵ بکاتەوە کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی 12 ساڵە لەلایەن هێزە یاخیبووەکانەوە کۆنترۆل کرابوو. شەڕی سوریا نیوەی 500 هەزار کەسی کوشتووە و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەی ناچارکردووە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربچن.