بڕیاری دادگەی فیدراڵ، نان یان ژەهر

دوایین نوێکردنەوە 2024-02-23 12:25:03 - سەرچاوە: شەفەق نیوز

به‌در ئسماعیل شیرۆكی/ دوای مشتومڕێکی زۆر و ژمارەیەک سکاڵای زۆرتری کورد لە کورد، دواجار لە رۆژی ٢١/٢/٢٠٢٤ دادگەی فیدراڵی عێراق، لە بارەی کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد.

بڕیارەکان کە لەچاوگەیەکی یاسایی تانەهەڵنەگری وەکوو دادگەی فیدراڵی دەرچوون، لە بنەمادا، هەمان ئەو حوکمانە بوون، کە دەوڵەتی عێراق هەوڵی دەدا لە رێگای بەکار هێنانی بڕیاری سیاسی و ئابوری و هەندێک جار سوپایش، بەسەر هەرێمی کوردستان دایان بسەپێنێ، ئێستا بە کورتکردنەوەی رێگاکان، لە تەوەرەیەکی تری هێزداریی حکومەتی ناوەندی، لە رێگای یاسا و دادگەدا،  بەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکران.

بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی گەرچی لەسەرەتادا بەڕاشکاوی باس لە سیستەمی فیدراڵی دەکا و هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیەکی دەستوری لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی دەوڵەتی عێراق ئاماژەی پێدەدرێ و، یاساکانی هەرێمی کوردستانیش بەرز دەنرخێنرێن و رێز لە پێگەو شکۆی گەلی کورد دەگرێ و، ئەو ئەرکەش وەبیر دەوڵەتی ناوەندی دەهێنێتەوە، کە پێویستە پارێزگاکان و هەرێمەکان، لە رووی داراییەوە دابین بکرێن و موچە نەخرێتە ناو بازنەی ململانە سیاسییەکان.

لێ دادگەی فیدراڵ لە ناواخنی ئەو بڕیارەدا، هەم لە ناڵ دەدا و هەم لە بزماریش. راستە لەرووی داراییەوە حکومەتی ناوەند پێمڵ دەکات، کە مووچەی هەرێم دابین بکات، لێ لە باریدیکەدا، هەمان ناوەرۆکی کێشمەکێش و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەوەی کەدەبێ حکومەتی هەرێم هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی، بە نەوتی و نا نەوتییەوە، تا فلسی کۆتایی رادستی خەزێنەی بەغدا بکات، دەکاتە بڕیاری یاسایی و بەسەر کوردستان دایدەسەپێنێ،  ئەوەش هەمان ئاستەنگ کردن و لە جێگادا چەقاندن و ئامرازی کێشەسازییە لەبەردەم پێشڤەچوون و گەشەکردن و بەرنامەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت و پەکخستنی پرۆژە شارستانی و دیپلۆماسی و حوکمڕانیی و سیادییەکانیەتی.

وەک دیارە، سەرباری خەنی و خۆشی بەشێک لە کۆمەڵگە و ئۆپۆزسیۆن، ئەو بڕیارەی دادگە، چەند ئامانجێکی لەسەر سنگ و تەوێڵی قەوارەی هەرێم نیشانە گرتووە.

یەکەم: خستنە ژێر پرسیار و گومانی ژمارە و رێژەی دانیشتووانی ناو چوارچێوەی جوگرافی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەویش لە رێگای کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و، نادیدەگرتن و پێشێلکردنی ئەو بڕیار و یاسایانەی لە سالی ١٩٩٢ لە لایەن پەرلەمانی کوردستان بڕیاریان لەسەر دراو جێگیر کران.

دووەم: ئەو بڕیارەی دادگەی فیدرال، یەکێتی و یەکبوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ناوچەیی و سیاسی کوردستانی کردۆتە ئامانج. لە بنەڕەتەوە هۆکاری نارازیبوون و سکاڵای هەندێک لایەنی سیاسی و رێکخراوی پێشەیی، لە نەبوونی موچەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوەش رونە کە هەموو هۆکارەکانی نەبوونی مووچەش رێگری و دژایەتی و ئەو پاوانخوازییەی دەوڵەتی ناوەندی بووە، بۆیە لەو روانگەوە، بڕیاری دادگە  پشتیوانی راو دیدگە و ململانەی حکومەتی ناوەند دەکات، کە ستراتیژی خۆی لەسەر تێکدانی ریزەکان و یەکدەنگی گەلی کورد داڕشتووە.

سێیەم: دادگە زۆر بە ئاشکرا، هەموو بنەماکانی ئازادی و پرۆسەی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان کردۆتە ئامانج، کە ئەوە سێ دەیەیە لەم هەرێمە بوونی هەیە و یەکێکیشە لە شانازی خاڵە پڕشنگدارەکانی وەرچەرخانی مێژوویی دوای روخانی حزبی بەعس. پلۆرالیزمی نەتەوەیی و ئایینی، لە کوردستان بە کردەوە لە پەرلەمانی کوردستان رەنگ دەداتەوە، کە هەموو کەمینەکان و دانیشتووانی بەڕەگەز غەیرە کورد، جیاواز لەوەی کە لایەنگری چ پارتێکی دەسەڵاتدارن و پاڵپشتی لە چ لایەنێک دەکەن و لەگەڵ چ فراکسیۆنیکدا دەست بەرز دەکەنەوە، لە پەرلەمانی ئەم هەرێمە نوێنەری خۆیان هەیە و نوێنەرایەتی ماف و بەرژەوەندی خەڵک و زمان و نەتەوە، یان ئایینی خۆیان دەکەن.

 پرسیاری گەوهەری ئەوەیە، بڕیاری دادگەی فیدراڵ لە بێ مافکردنی نەتەوە و ئایینەکان، لە نوێنەریەتیکردنی پێگە و بوونی خۆیان، بە هەر پاساوێک، لە پڵەی یەکەم، گورز وەشاندن و پاشەکشە پێکردنە، لە پرەنسیپ و ئازادیە بنچینەییەکانی دانیشتووانی سەرزەمینێک، کە بە هەموو رەگەزەکانییەوە، زیادتر لەسەدەیەکە خەبات و تێکۆشانیان بۆ کردووە.  پێدەچێت ئەوەی لە بیرگەی مەزەبگەرایی ناوەند جێگەی بۆ نەبێتەوە، دەبێ لە هەرێم و لە ناوچەکانی دیکەش تابۆ بێت و قەدەغە بکرێت.

راستە لە رابردووشدا عێراق نقومی داب و نەریتی ناوچەگەری، خێڵایەتی، مەزەبگەرایی شاراوە و هۆزهۆزێنە بووە، کە ئەوەش فاکتەری بناغەیی شێوەنەگرتنی دەوڵەت نەتەوە، لە رۆشەنبیری و ویژدانی گەلانی عێراقدا بووە. بەڵام گەڕانەوەی رەوڕەوەی ژیانی مەدەنی عێراقییەکان لەدوای روخانی رژێمی بەعسی و کڵپەسەندنەوەی ئاگری بن خۆڵەمێشی دابڕانە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانەوەی دژیەکییەکان لە قالبی باڵباڵێنەی سیاسی و گرۆپگەریی میلیشیایی و خۆشبوونی ئاگری دەمارگیری مەزەبی، زۆر کارەساتبارتر سەریان هەڵدایەوە.

لە راستیدا هەبوونی سێ کەرت و پارچە و هێڵی یەکبڕی مەزەبی و ئایینی و نەتەوەیی مەزن، لە عێراقی دوای بەعس، بووەتە هۆی دیارکەوتنی فۆڕمێک لە فەرهەنگی سیاسیی ناسەردەم، کە هەریەک لەوانە لایەنگر و پەیڕە و جەماوەری تایبەت بەخۆی، لە بازنەی نەتەوە، ئایین، مەزەب و ناوچە و قەڵەمڕەوی پاوانکراوی خۆی هەیە، کە لەو ژینگەیەدا ئاستی متمانە و هاوڵاتیبوون و وابەستەبوون، لە نێوان ئەو لەت و چین و پارچانەدا، لە نزمترین ئاستی خۆیدا ماوەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی عێراق، مینا کۆمەڵەیەک لە خێڵ و هۆز و مەزەب و کەمینەی جیاوازی لەیەکدابڕاوی لێهاتووە، کە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن و لەیەک نزیکبوونەوەیان، بەتەنێ لە پێناو دابەشکردنی سامان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی و ستاندنی دەستکەوتی زیادترە. بێجگە لەوە هیچ لایەنێک دەوڵەت وەکوو مەرجەع و دادوەر نابینێ و بەفەرمی ددانی پێدانانێن. ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی لەو دوو دەیەی رابردوودا، هیچ جۆرە هاوسەنگییەک لە عێراق هەتا سەر نەمێنێتەوە و بە بچوکترین هەژان لاسەنگ ببێتەوە.

ئەو بارودۆخە ناهاوسەنگە لە کابینەی سودانیش رەنگی داوەتەوە، دەزگای حکومەت پڕە لە یەکنەگری و پارادۆکسی مەزن و روخێنەر، لە یاسا لادان، گوێڕایەڵ نەبوون بە بڕیار و سیاسەتەکانی حکومەت و یەکتر شکاندن بەڕادەیەکە، کە هەموو هێز و باڵ و لایەنەکان، بۆ شکاندنی پشتی حکومەتەکانی خۆیان لە هیچ دەرفەتێک تێناپەڕن و هەمیشە لە کەمیندان.

بابەتی هەرە سەرنجڕاکێش لەناو بەرداشی ئاو ئاژاوە بێکۆتاییەدا، هەر لە ساڵی ٢٠٠٥ وە تا ئێستا، تەنیا لایەنێک کە بەهۆی هەموو هێز و باڵ پارت و مەزەب و ئایینەکانی عەرەبی عێراقەوە دژایەتی کراوە، هەرتەنیا لەسەر ئەو ئامانجەش یەکگر و تەبا بوون، هەرێمی کوردستان بووە. کەچی تەنیا هێز و لایەن و نەتەوەیەک، کە لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراق، بە یەکگرتوویی هەموو هەوڵ وزەی مرۆڤی و سیاسی و خەباتگێڕی و دیپلۆماسی خۆی، بۆ بەسەریەکەوەنان و بەسیستەم کردنەوە و  بەرقەرارکردنی ئاسایشی دەوڵەتی عێراق بەکار هێنابێت، ئەوە هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییە کوردییەکان بوون.

کۆمەڵگەی کوردی هێشتا توراس و خسلەتە بۆماوەییە نەرێنییەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و میرمیرانەی سەدەکانی ناوەڕاستی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە و توخمە سایکۆلۆژییەکانی هۆزایەتی و یەکنەبوونی، تا ئەم سەردەمەی ئێستاش بە توندی لە برەودان. لەو سەردەمانەی رابردوودا، هیچ میرێک، یان ئاغا و دەرەبەگێک، باڵادەستی و میرایەتی و سەرۆکایەتی ئەویدیکەی قەبوڵ نەبووە، ئەگەر بەهێزی خۆی گەورەیی و دەسەڵاتی ئەویدیکەی پێ رەد نەکرابایەوە، رێگای بەردەست و بێ سڵمینەوە و بێ هزرین، پەنابردن بۆ هێزی داگیرکەر بووە. ئێستاش مێژوو لە سەردەمێکی نوێتر و بە فۆرمێکی سەردەمیانەتر، لێ بەهەمان بەهاو ماناو کوڵتوور، دێتەوە سەر شانۆ و لە  ژیانی کورداندا رۆڵ دەلەیزێ.

ئێستا دوای تێپەڕاندنی چوارەکی یەکەم لەسەدەی بیست و یەک، گەرچی لە رواڵەتێکی مۆدێڕنداین، لێ هێستا نە ئۆپۆزسیۆنێکی عەقلانی یاسامەندی نیشتیمانیمان هەیە، کە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە تێبکۆشێ و وڵات و سەروەری و دەسەڵاتی کورد، لە پێشینەی تێکۆشانیدا بێت، کە سنورەکانی  دانبەخۆداگریی دەسەڵات ئەوەندە بەرەتەسک نەکات،  تۆلێرانس و دانبەخۆداگری لەبیر بچێتەوە و،  لەبەرابەر نەیارەکانی دوچاری کاردانەوە ببێ.

بەهۆی پیلانگێڕی و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی کۆڵۆنیالیستەکان، دەرفەتەکانی هەڵکەوتووی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە بەشینەوەی قەڵەمڕەوی ئێمپراتۆریی عوسمانی، بەسەر خاوەنەکانی رەسەنی ئەو ناوچانە و نەبوونی یەکێتییەکی نەتەوەیی، کورد شانسی هەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی لەدەست دا. 

ئەگەر لە مێژووی رابردوومان ئەزموون وەرنەگرین، ئەی خوێندنەوە و تۆماری مێژوو  بەکەڵکی چیدێت. ئێمە ئێستا لە هەڵومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەهاداین، کە ئەگەر مل بۆ پیلان و بەرنامەکانی ناوەند شۆڕ بکەین، هەمان سناریۆی ساڵانی ١٩٢٣ مان بەسەر ساخ دەکرێتەوە و هیچ قەوارەیەک بۆ هەرێم نامێنێتەوە، کە نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن ململانەی بۆ بکەن.

دادگەی فیدراڵ، لە رواڵەتدا بەقازانجی موچەخۆران بڕیاری دەرکردووە، لێ کێشەی کورد، بەتەنێ موچەی روت نییە، دادگە لە روانگەی دژایەتییە نەتەوەییەکانی کورد و لە پێگەی رەهەندێکی هێزداریی کۆلۆنیالی عەرەبەوە، نەوتی بە ئاگری ناکۆکیەکانی نێوان باڵە سیاسییەکان و رەوتە ئیدۆلۆژییەکان و هەستیارییەکانی رێکخراوە پێشەییەکاندا کردووە. 

بۆ ئەوەی کوردستان بەسەلامەتی لەو قەیرانە دەرباز ببێت، گرنگە سەرکردایەتی کورد، بە سەرلەبەری ئەزموون و پەیوەندییە نێخۆییەکانیدا بچێتەوە و لەسەر یەکە بەیەکەی هەنگاوەکانی راوەستێ و گۆڕان و چاکسازی وەهای تێدا بکات، کە گونجاو و هاو مانا بێت لەگەڵ ئامانج و دروشمەکانی قۆناغی شۆڕش و بەرخۆدانی رزگاریخوازی کوردستان و وەڵامێکی ئەرێنیش بێت، بۆ خواستی جەماوەری کوردستان. سەرباری ئەوەی کە زۆر گرنگ دەبێت، ئەرکی لە پێشینەی دەسەڵاتی کوردی لە ئێستادا،  باوەشکردنەوە بۆ ئاشتی و، کوژاندنەوەی ئاگر، لە دامەنی کوردستان بێت.