سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جێنین پلاسخارت كۆبووه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/4/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو جێنین پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز د. ئه‌دهه‌م ئیسماعیل نوێنه‌رى ڕێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى (WHO) له‌ عێراق ئاماده‌ى بوو، هه‌ردوولا دۆخى سیاسیى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى فیدراڵ و دوایین پێشهاته‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنایان تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى دابینكردن و پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى، پشتگیرى له‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى فیدراڵیى عێراق ده‌كات‌ و هیواى خواست بتوانیت له‌ واده‌ى دیاریكراوى خۆیدا حكوومه‌ته‌كه‌ى پێكبهێنێت، هه‌روه‌ها ڕۆڵى نوێنه‌رایه‌تیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى له‌ عێراق بۆ هاوكاریى عێراقییه‌كان له‌ پرسى پێكهێنانى حكوومه‌ت و ڕاسته‌ڕێكردنى دۆخى سیاسیى وڵات به‌رز نرخاند.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى داراییى عێراق و بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستانیان له‌لایه‌ن حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقه‌وه‌ خسته‌ به‌ر باس و له‌مباره‌یه‌وه‌‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ناكرێت مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكرێنه‌ پرسێكى سیاسى و ئه‌م هه‌نگاوه‌ى به‌غداى به‌ كارێكى ناده‌ستوورى و نایاسایى له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها داواى له‌ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ڕۆڵى خۆى بگێرێت.

دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌نگاوه‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا به‌ڕێز نوێنه‌رى ڕێكخراوى ته‌ندروستیى جیهانى (WHO) چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌رز نرخاند و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق سوپاس و ده‌ستخۆشییان له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان كرد، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانییش سوپاسى ڕێكخراوه‌كه‌ى كرد بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.