پێکهاتەکان: دەبێ لە کابینەی دابێ پێکهاتەکان بەشداریی کارایان هەبێ

دوا نوێکردنەوە: 2020-04-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا- KDP.info -  پێکهاتەکان دەڵێن، دەبێ لە کابینەی داهاتووی عێراقدا پیکهاتەکان لە حکوومەتدا ڕۆڵێکی کارایان هەبێ بۆ ئەوەی ڕەوشەکەیان ئاسان ببێتەوە، چونکە ڕەوشی پێکهاتەکان لە خراپیدایە.

سەرۆکی کوتلەی ئەنجومەنی گەلی سریانی ئاشووری کلدانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "ئێمە هێڵی سوورمان لەسەر کەس نییە بۆ ڕاسپاردنی حکوومەت."

ریحان حەنا ئەیوب، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجەکانی پیکهاتەکەیان ئاشکرا دەکات و دەڵێ: "ئەوە زەروورە پێویستە کابینەکە بەشداری بە پیکهاتەکان بکات و نوێنەرانی هەموو گەلانی عێراق تێیدا بن."

ریحان حەنا ئەیوب گوتیشی: "دەبێ کابینەکە نوێنەراتیی تەواوی گەلانی عێراق بکات و دەبی ڕاسپێردراوی حکوومەت ڕەوچاوی تەواوی ڕەسەنایەتیی گەلانی عێراق و پێکهاتەکانی بکات."

ناوبراو بە داخەوە سەیری کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ دەکات و دەڵێ: "لەو کاتەوە حکوومەتەکان بەشداریی ڕاستەقینەیان بە پێکهاتەکان نەکردووە، ئەمەش هەستی ئەوە لەلای پێکهاتەکان پەیدا دەکات کە هەست بەوە نەکەن بەشێکی گرنگی ئەم وڵاتەن."

خالد نەرمۆ، چالاکوانی کاروباری ئێزدییان دەڵێ: "حکوومەتی عێراق دەبێ ڕەچاوی هەموو پیکهاتەکان بکات و دەشبێ ئەو هەموو ناخۆشی و ئاڵۆزییەی لە ناوچەی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیری."

نەرمۆ ئاماژەیشی دا: "ئێستا لە ناوچە ئێزدینشینەکان کێشەی گەورەیان هەیە و دەبێ ئێزدییەکان پشکداریی کارایان هەبێ بۆ ئەوەی مەعاناتەکانیان بە دروستی بگەیەنن."

هەر لەوبارەیەوە، عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، دەڵێ: "هەرچەندە حکوومەتەکە کاتییە و خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام دەشمانەوێ لە کابینەکە بێبەش نەبین."

عەبدولقادر بازرگان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "تورکمانەکان ئامادەن بۆ هەموو پشکدارییەک لە حکوومەتدا، بۆ ئەوەی کاری هاوبەشی هەموو خەڵکی عێراق لە کابینەکەدا ڕەنگ بداتەوە."

کاروان باعەدری