هەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی(28)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی دهۆك، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و كارمەندانی تەلەفزیۆنی دهۆك کرد.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:
پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی(28)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی دهۆك
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و كارمەندانی تەلەفزیۆنی دهۆك..
ئەمڕۆ (28)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی (دهۆك تیڤی)دەكەینەوە، كە یەكەمین كەناڵی ناوخۆیی كوردستانیی بوو لەو دەڤەرە ئازیزەدا و بە رێنوێنی و بڕیاری سەرۆك بارزانی لە(3/5/1992)دامەزرا و دەستی بە پەخش كرد، ئەو هەنگاوەش دەسكەوتێكی دیكەی گرنگی پارتیمان بوو لە بواری میدیادا بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری راگەیاندن و رۆشنبیریی و كوولتوری كوردیی.
تەلەفزیۆنی دهۆك كە سەرەتای كاركردنی بەناوی(تەلەفزیۆنی خەبات)بوو لەسەر دەستی ژمارەیەك كادیری شارەزا و هونەركار و راگەیاندنكارێك، خۆبەخشانە بەڕێوەچوو و، سەرەڕای ئەو گیروگرفت و ئاستەنگانەی بەردەمی توانی دڵسۆزانە بە بەرنامەی هەمەرەنگ و بەسوود شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی پارتیمان هەنگاو بە هەنگاو پەرە بەخۆی بدات و لە تەلەفزیۆنێکی لۆكاڵییەوە ببێتە كەناڵێكی سەرتانسەری کوردستان.
تەلەفزیۆنی دهۆك لەو كاروانەی كاركردنیدا خاوەن پەیامێكی راست و دروست و روون بووە بۆیە هەردەم لە رێی بەرنامە و پرۆگرامەكانیەوە رۆڵی شیاوی خۆی گێڕاوە بۆ خزمەتكردنی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و لە پرسە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەکان و، پرسی توێژی گەنجان و ئافرەتان و زارۆكان و، داكۆكیكردن لە دۆزە رەواكەمان و پێشكەوتنی كۆمەڵگەو زمان و ئەدەبیاتی رەسەنی كوردایەتی، شوێن پەنجەی دیار و بەرچاوە.
بەبۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی کەناڵەکەتان دەكەین و، لەو هەلومەرجە نەخوازراوەی قەیرانی پەتای كۆرۆنا هیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ هەموو لایەك دەخوازین.
لەم یادەدا جارێكی دیكە پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ تەلەفزیۆنی دهۆك دووپات دەكەینەوە و بە هیواین ساڵی داهاتوو ساڵی پێشکەوتن و سەركەوتنی زیاتربێت لە کار و ئەرکی پیرۆزتاندا..
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
٣ـی ٥ـی ٢٠٢٠