دوو سەرچاوەی سوپای سوریا ڕایانگەیاندووە گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، شەوی ڕابردوو لە عێراقەوە بەرەو باکووری سوریا ڕۆیشتوون بە مەبەستی یارمەتیدانی سوپای سوریای گەمارۆدراو کە شەڕ لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی دژ بە حکومەتی سوریادا دەکات. سەرچاوەیەکی باڵای سوپای سوریا بە ڕۆیتەرزی وت دەیان چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراقەوە چوونەتە ناو سوریاوە، ئەوەش لە ڕێی ڕێڕەوێکی سەربازییەوە لە نزیک خاڵی سنووری ئەلبوکەمال. ئەفسەرەکە وتی " ئەمە هێزی پشتیوانی نوێن ڕەوانە کراون بۆ یارمەتیدانی هاوەڵەکانمان لە بەرەکانی پێشەوە لە باکوور." وتیشی گروپە چەکدارییەکانی وەکو کەتائیب حزبوڵا و فاتیمیونیش هاتوون بۆ یارمەتیدانی سوپای سوریا. لە ماوەی جەنگی ناوخۆی سوریادا ئێران هەزاران چەکداری شیعەی ڕەوانەی سوریا کرد، شان بە شانی ڕووسیا بە هێزە ئاسمانییەکەیەوە، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناوببات و زۆربەی خاکی سوریا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. نەبوونی هێزێکی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووی گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکان وایکردووە کشانەوەی هێزەکانی سوریا خێراتر ببێت، هەروەها هۆکاریش بووە بۆ کشانەوەیان لە شاری حەلەب، ئەمەش بەپێی دوو سەرچاوەی سەربازیی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران کە لەلایەن حزبوڵاوە سەرکردایەتی دەکرێن و بوونێکی بەهێزیییان لە حەلەبدا هەیە. لە هەمان کاتیشدا ئیسڕائیل لەم چەند مانگەی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئێران لە سوریا زیاتر کردووە و شەڕیش لەگەڵ حزبوڵادا دەکات لە لوبناندا، ئیسڕائیل دەڵێت شەڕەکە حزبوڵا و توانا سەربازییەکانی حزبوڵای لاواز کردووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز