هاوکاتی پەرەسەندنەکان لە سوریا و پێشوەچوونەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا، لە حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری، مەترسییەکان لەسەر کەمینە ئایینیەکانی ئێزدی، کرستیان، عەلەویی و تەنانەت شیعە ئاینزاکانیش لە ناوچەکەدا زیاد دەکات. ڕۆشین موسا، ئەندامی بەڕێوەبردنی ماڵی ئێزدیان لە حەلەب و ئەندامی ئەنجومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، کە دوو گەڕەکی کوردنشینن لە حەلەب لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، خەڵکی ئەم دوو گەڕەکە لە حەلەب و ناوچەی شەهبا، لە مەترسییەکی زۆردان. خاتوو موسا گوتی " نزیکەی هەفتەیەکە گەل بە گشتی لەناو ئاگرێکی گەورەدایە و ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆسەر کۆمەڵگەکەمان. چەتەکانی جەبهەت ئەلنوسرە، ئەحرار ئەلشام و کەتیبەکانی کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەشێکی زۆری حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە. بەڵام هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بگرن و ئەم دوو گەرەکەش ئێستا دەرگای خۆیان بە ڕووی خەڵکی ناوچەکە کردووەتەوە کە لە دەستیان هەڵاتوون." هەرچەندە خاتوو موسا ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو ئێزدی و کرستیانەکانی کە لە گەڕەکەکانی تری حەلەب دژین نەیان توانیوە بگەن بە ناوچەیەکی پارێزراو و تا ئێشتاش لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە. لە دە ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگە کەمینە ئاینییەکان بوون بە ئامانجی هێرشی تیرۆریستی و کۆمەڵکوژی لەلایەن گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی ناوچەکەوە. ئێستاش ئەم کەمینانە مەترسی زۆریان لەسەرە. تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە گرووپی ئەحرار ئەلشام ناوچەی شەهبەی گەمارۆداوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵکەکەی هەڵاتوون و ڕوویان لە تەبقە کردووە. هاوکات فاروق تۆزۆ، ئەندامی یەکێتی ئێزدییەکانی سوریا لە ناوچەی جزیرە ڕایگەیاند، پاس و بارهەڵگریان ناردووە بۆ گواستنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەی کە لە جەنگدان بۆ ناوچەیەکی ئارامتر. بە گوتەی ئەم دوو ئەندامەی کۆمەڵگەی ئێزدییەکانی سوریا، 800 خێزانی ئێزدی کە دەکاتە 7500 بۆ 10 هەزار کەس لەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی شاری حەلەب دەژین و زیاتر لە 25 خێزانی کرستیانیش لەوێن. شاری حەلەب شارێکی فرە ئاینی و نژادییە و لە ئێستادا چاودێران و ڕێکخراوە مرۆییەکان پێشبینی خراپترین دۆخی مرۆیی ئەو ناوچانە دەکەن کە بەهۆی شەڕی 13 ساڵەی سوریاوە وێران بووە. هێزەکانی ڕژێمی سوریا شارەکەیان بەجێهێشتووە و گروپە چەکدارەکان بە تایبەت جەبهەت ئەلنوسڕە لە ئێستادا حوکمڕانی شارەکە دەکەن، بەڵام خاتوو موسا دەڵێت " گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشڕەفییە لەلایەن هێزەکانی ئاسیشی ناوخۆوە بەرگری لێدەکرێت."