بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی هەینی 6ی مانگی دوازدە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە حکومەتی ئێران "مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕاوێژکاری سەربازی زیاتر بۆ سوریا دەنێرێت". ئەو بەرپرسە باڵایە بە ڕۆیتەرزی گووتوە " ئێران و سوریا یەکگرتوون لە ڕێگریکردن لە پێشڕەوی یاخیبووان بەرەو شارە گەورەکان و هێشتا سوریا داوای هێزی زەمینی لە ئێران نەکردووە" و ئاماژەی بەوەشکردووە "بۆ ئێستا بڕیارەکە ئەوەیە سوریا و ڕوسیا هێرشە ئاسمانییەکان چڕتر بکەنەوە" گوتیشی "تاران هەموو هەنگاوێکی پێویستی ناوە بۆ دابینکردنی پاڵپشتی سەربازی بۆ هێزەکانی ئەسەد." حکوومەتی ئێران لەوەتای پاڵپشتی سەربازیی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد دەکات، هێزی سەربازیی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە و لە بەرامبەر ڕەخنەکانی وڵاتانی ناوچەکە و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهان، هێزەکانی لە سوریا بە ڕاوێژکاری سەربازی ناو بردووە. قسەکانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرز ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، دوای پێشڕەوی خێرای میلیشیاکانی نەیاری بەشار ئەسەد و گرتنەوەی دوو شاری گرینگی حەلەب و حەما هاتووە. چەکدارانی نەیاری ئەسەد بە سەرکردایەتی تەحریر ئەلشام هەوڵی گرتنی شاری حومسیش دەدەن. حومس، شاری دیمەشق، پایتەختی سوریا بە شارەکانی کەنار دەریا و باکووری ئەم وڵاتە دەبەستێتەوە. ڕۆیتەرز هەروەها لە زاری ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە کە تاران "هاوکاری هەواڵگری و پاڵپشتی مانگی دەستکردی" پێشکەش بە سوریا کردووە. پێشتر کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل هۆشداری داوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە خۆیان لە ناردنی هێز یان چەک بۆ میلیشیاکانی سوریا کە ڕەنگە بگاتە دەستی هێزەکانی حزبوڵا، بەدوور بگرێت. هاوکات سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، ئێران و ڕووسیا ڕۆژی شەممە لە دەوحە کۆدەبنەوە و تاوتوێی پێشڕەوی یاخیبووان لە سوریا دەکەن. تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و چەکداری حکومەتی ئەسەد دەکات. سەرچاوە/ڕۆیتەرز