سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێشوازی لە بڕیارەکەی فەرەنسا کرد بۆ ناردنی دیپلۆماتکاران بۆ دیمەشق دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد. شاندێکی فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە گەیشتە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشق، ئەمەش یەکەم سەردانی دیپلۆماتکارانی فەرەنسایە لەو کاتەوەی یاخیبووانی بە سەرکردایەتی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان ئەسەدیان ناچارکرد لە وڵاتەکە هەڵبێت دەستبەرداری دەسەڵات بێت. تورکیا ڕۆژی شەممە باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق کردەوە و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریادا. بە پێی ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەرەنسا، ئەردۆغان بە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای ڕاگەیاندووە، "دڵخۆشە" بە بڕیارەکەی پاریس بۆ ناردنی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی بۆ سوریا. ئەردۆغان هەروەها وتی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان دەستیپێکردووە. ئۆفیسی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت، ماکرۆن بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە، فەرەنسا "پشتیوانی لە هەوڵە ناوچەییەکان دەکات بۆ پاراستنی یەکڕیزی و سەروەری سوریا". ئەوەشی خستۆتەڕوو " هەردوو سەرۆک پێشوازییان لە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد کرد" کە بووە هۆی کۆتاییهێنانی "چەندین ساڵی دیکتاتۆری، توندوتیژی و سەرکوتکردنی خەڵکی سوریا." لە بەیاننامەکەدا نوسراویشە لەم ڕووەوە خواستی خۆیان دەربڕی بۆ گواستنەوەیەکی سیاسی ئاشتیانەی کە نوێنەرایەتی هەموولایەنێک بکات و لەگەڵ بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکبگرێتەوە " ڕێزگرتن لە مافە بنچینەییەکانی هەموو کۆمەڵگەکانی سوریا بە زووترینکات دەستەبەر بکرێت." بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەڕێگایەک بۆ پرۆسەی ئاشتی لە سوریا دادەنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربوو هاوکار بن بۆ ئەوەی هەلومەرجێکی بەردەوام دروستبکات کە سورییەکان بتوانن لەوێ بمێننەوە. تورکیا کە نزیکەی 3ملیۆن پەنابەری سوریایی تێدا نیشتەجێیە، هیوادارە گۆڕانی دەسەڵات لە دیمەشق ڕێگە خۆشبکات بۆ گەڕانەوەی بەشێکی زۆریان بۆ سوریا. سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس