وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی شەممە وتی تورکیا " هەرچی پێویست بێت " دەیکات بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی خۆی ئەگەر بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا نەتوانێت مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیادا بکات سەبارەت بە هێزە کوردییەکان کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات و تورکیا بە گروپی " تیرۆریست " ناوییان دەبات. تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد ' یەپەگە ' بە لقێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکات کە دەیان ساڵە لە ململانێیە لەگەڵیدا. یەپەگە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات کە هاوپەیمانی ئەمەریکان لە باکووری سوریادا. دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد توندوتیژییەکان پەرەیان سەندووەتەوە، تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی کە پشتیوانییان لێدەکات لە 9 ی مانگی دوانزەدا شاری مەنبجییان کۆنتڕۆڵ کرد کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا بوو. فیدان لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ فرانس 24 وتی پێی باشە بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا بکات بە جۆرێک لەگەڵ سەروەریی و یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی سوریادا بگونجێت، وتیشی یەپەگە دەبێت دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە. وتی " ئەگەر ئەوە ڕوونەدات ئەوا ئێمە دەبێت ئاسایشی نیشتیمانی خۆمان بپارێزین." کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئەو پاراستنە کردەوەی سەربازیش لە خۆدەگرێت، وتی " هەرچییەک پێویست بکات." کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک مەزڵوم عەبدی کە تێیدا باسی لە ئەگەری چارەسەرێکی گفتوگۆکراو لەسەر کرد لەگەڵ ئەنکەرەدا، فیدان وتی ئەوان دەبێت هەوڵی چارەسەرێک بدەن لەگەڵ دیمەشقدا، چونکە ئێستا " واقعێکی نوێ " لەوێ هەیە. وتی " واقعە نوێیەکە هیوادارین مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پارتی کرێکارانی کوردستان و یەپەگە دەزانن کە ئێمە چیمان دەوێت. ئێمە نامانەوێت هیچ شێوازێک لە هەڕەشەی سەربازیی ببینین لەسەرمان." ئەنکەرە و گروپە چەکدارییەکانی سوریا کە پشتیوانییان لێدەکات چەندین جار هێرشییان کردووەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە باکووری سوریادا، هاوکات بەردەوام داوای لە ئەمەریکا کردووە پشتیوانییەکانی بۆ ئەو هێزە ڕابگرێت. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعشدا لە 2014-2017 بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا، هێشتا پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشییان تێدا زیندانی کراوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە داعش هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی تواناکانی بدات لەم ماوەیەدا. فیدان وتی زیادبوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەمدواییانەدا لە سوریا " بڕیارێکی ڕاست " نەبووە، وتیشی شەڕەکەی دژ بە داعش بیانوویەکە بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز