هەرچەندە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ فراکسیۆنە کوردیەکانی بەغداد ئەنجامدرا، بەڵام بەشێک لە فراکسیۆن و لایەنە سیاسیەکان ڕەتیان کردەوە بەشداری بکەن، ئەمەش ڕای لایەنە سیاسیەکانی کوردی لە بەغداد کرد بە دوو بەشەوە. ئەگەر چی بەشێکیان پێیان وایە کۆبوونەوەکە پێویستیە و مەبەست لێی چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێمە، بەڵام بەشەکەی تریان پێیان وایە، "هەرێم کەمتەرخەمە لە دروستبوونی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم." ئەمڕۆ 11ی مانگی یەکی 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنە کوردیەکان لەبەغداد لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، بە پێی ڕاگەیەندراوی حکمومەتیش بێت کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بەردەوامی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان ڕەتیان کردەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن لە بەیاننامەی جیاوازدا ڕای فراکسیۆنەکانیان لەبارەی هۆکاری بەشداریا نەکردنیان خستە ڕوو. هەریەکە لە فراکسیۆنی پارتی، یەکێتی و وەزیرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، هەرچی کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و یەکگرتوون ڕەتیان کردەوە بەشداری بکەن. هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بەشداری فراکسیۆنەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یەکێتی بەشێکە لە حکومەتی هەرێم و بە قەبارەی خۆمان بەشداریمان کردووە، یەکێتی و پارتی و گۆڕانیش کە ئێستا لەحکومەتی هەرێمە هەمان ئاراستە بوون بۆ ئەوەی چارەسەر بنەڕەتی بدۆزرێتەوە و چیتر خەڵکی کوردستان نەبێتە قوربانی، هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان پێویستی بەوە هەیە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بێت، وە ئەم هەڵوێستەش ڕەنگدانەوەی هەبێت لەبەغداد." وتیشی،" ئەو تێبینیانەی حکومەتی هەرێم کە هەیبوو لە سەر مەسەلەی بودجە و مووچە، بەهەمان شێوە حکومەتی ئیتحادیش تێبینی هەیە لەسەر داهاتەکانی نەوتی و نانەوتی و گەڕانەوەی بۆ بەغدا هەموو ئەوانەش گفتوگۆی لەسەر کرا کە لە داهاتوو کێشەکان چارەسەر دەکەن. پاکێجێکی هاوبەش هەیە کە بتوانین کێشەی مووچە خۆر و کێشەی داهاتەکان چارەسەر بێت بۆ ئەوەی چیتر کێشەی مووچە دروست نەبێتەوە، ئەمە گفتوگۆی تیروتەسەلی لە سەر کراوە." هەرچەندە یەکێتی هاوبەشی ڕاستەقینەیە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی فەرمی کابینەکە دەزانیت بەو پێیەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لای پارتیە و هەمیشە بە هەڵوێستی تووند دژی حکومەتی ناوەندی ناسراوە بە تایبەت دوای ئەوەی بەغداد لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە لە ڕابردوودا چەندین بڕیاری دژی حکومەتی هەرێم دا. لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا پرسی کشانەوەی فراکسیۆنەکەیان ورووژاند لە ئەگەری بەردەوامی کێشەی مووچە لەگەڵ بەغداد. شوان محەمەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" غەدرکردن لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لەهەرێمی کوردستان بووەتە ئیشیی مانگانە و ساڵانە و بەردەوام هەر بە ماوەیەکی کەم لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئیتر ئەم حکومەتە تازەی زۆرینە شیعە دەستی کرد بە بەرنامە و بە ستراتیژیک ئەویش بە غەدرکردن لە هەرێمی کوردستان نەک هەر لە هەرێم، بە ڵکو لە قەوارەی سیاسی وەکو حکومەت یانی هەتا لەسەر خاک و لە خەڵک و مافی تاک و گشتیش." وتیشی،" نازانین دەرئەنجام دەگەین بەچی؟ ئایە بڕیاری کشانەوە دەدرێت یان نا، چونکە بڕیارێکی قورسە، بەڵام بڕیارەکان کراوەن لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناشکرێت بەڕاستی ئاوها غەدر بەردەوام بیت و یەک هەڵوێستی کورد زۆر زەرورە بەتایبەت ئێمە گەر یەک هەڵوێست بین کشانەوە بێت یان هەر جۆرە هەڵوێستێکی تر وەربگرین بەرامبەر بەغدا، کە بمانەوێت داکۆکی لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، دەبێت بە یەک هەڵویستی و یەک دەنگی بیکەین." وێڕای جەخت کردنەوەی حکومەتی هەرێم لە "کەمتەرخەمی عێراق" بەرامبەر بە شایستە داراییەکانی هەرێم وەک دەشڵێن ئامانجی کۆبوونەوەکەیان یەک هەڵوێستی کوردە بەرامبەر بەغداد و فشارە بۆ چارەسەر کردنی کێسە داراییەکان، بەڵام بەشێک لەلایەنەکان حکومەتی هەرێم " بە هۆکاری" دواکەوتن و کێشەی مووچە خۆرانی هەرێم دەزانن، پێیان وایە هەرێم " پابەند نەبووە بە و ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانی بەرامبەر بە بەغداد" کە خۆی لە ناردنی داهاتی ناوخۆ و ڕادەستکردنی لیستی ناوی مووچەخۆران بە دروستی و چەند بابەتێکی تر. سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە بەشدارینەکردنی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەران لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،"چارەسەرکردنی مووچە کۆبونەوەی ناوێت، بەڵکو ڕاستگۆیی لە کردار و پابەندبوون بە تەسلیمکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانی دەوێت." لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت،" ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت بڕینی قووتی خەڵکە لەلایەن دەسەڵاتەوە و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، تەنها بڕیار ئەوەیە داهات بدرێتە بەغدا، جارێکی تر کە دەسەڵاتدارانی هەرێم فرسەتی باشکردنەوەی بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیانی لەدەستدا، بەغدا مانگانە نزیکەی ترلیۆنێکی ناردووە، بەڵام کەوتووەتە دەستی بێ ویژدانەکانی دەسەڵات." هاوشێوەی نەوەی نوێ فراکسیۆنی یەکگرتوو کۆمەڵی دادگەریش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیا کرد، موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتوو بە میدیکانی ڕاگەیاند،" بێزاربوین لەم کۆبونەوانەو ناچینە کۆبونەوەیەکەوە کە ئەجێنداکەی دیارنەبێت و دەشڵێت حکومەتی هەرێم ڕاستیەکان بە ئێمە ناڵێت قەیران لەدوای قەیران دەیخوڵقێنێت کێشە لەدوای کێشە د و هاوڵاتیانی هەرێم برسی دەکات ، داهاتەکان ئاشکرا ناکات ناتوانێت ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی درێژخایەن لەگەڵ حکومەتی عێراق ببەستێت."