سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین ڕایدەگەیەنێت، داعش جم و جۆڵی لە ناوچەی غەڕە و پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتوو هەیە و چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە تێکەڵەن لە چەکداری کورد و عەرەب، بۆیە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنورەکە دەستپێکردووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ی مانگی 1ی 2025، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بۆ ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو ئەنجامدا، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامی هەبوو. سەرچاوە ئەمنییە بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چەکدارانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە جوڵەیان هەیەو زۆرجار ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن بۆ هاتووچۆکردن. بۆیە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم ئۆپەراسیۆنیان بۆئەو ناوچەیە ئەنجامداو فڕۆکەش ناوچەکەی بۆردومانکردووە." لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقی و کوردییەکان دا، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە بیستراوە، دەزگا ئەمنییەکانیش تەقینەوەکان بۆ بۆردومانکردنی ناوچەکە لەلایەن فڕۆکە عێراقییەکانەوە دەگێڕنەوە. سەرچاوەکە دەڵێت،"چەکدارانی داعش لە غەڕەو پەڵکانە تێکەڵەن لە چەکداری کوردو عەرەب، بەشێک لە چەکدارە کوەردەکان خەڵکی گوندەکانی سنوری خورماتوون، بەڵام کوردی هەڵەبجەیی و ناوچەی تریشیان تێدایەو هەموویان نازناویان هەیە." ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری رۆژهەڵاتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، ناوچەیەکی سەخت و شاخاوییەو لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە، یەکێکە لە پێگە سەرەکییەکانی داعش لە عێراق. گرنگی ناوچەی غەڕەو پەڵکانە بۆ چەکدارانی داعش لەوەدایە، ئەم ناوچەیە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین و ناوچەی گەرمیان پێکەوە گرێ دەدات، چەکدارانی داعش دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ناوچەیەوە هاتووچۆی نێوان پارێزگا جیاوازەکان بکەن. وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، جم و جۆڵی داعشی لەناوچەی غەڕەو پەڵکانە پشتڕاستکردەوەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێک لە چەکدارە کوردەکانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە پێشتر لە هەرێمی کوردستان حوکمدرابوو، دوای تەواو کردنی حوکمەکەی ئازادکرا، بەڵام دیسانەوە هەڵهاتووە بۆ نێو داعش." دەشڵێت،"ژمارەیەک کوردی تری داعش ماوەیەکی زۆرە چارەنوسیان نادیارەو سەرجەمیان خەڵکی ناوچەی خورماتوون، گومان دەکرێت ئەوانیش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە بن." ناوچەی غەڕەو پەڵکانە دەکەوێتە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق، بۆیە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێم پێکەوە لەو ناوچەیە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکەیان، هەردوولایان لەو ناوچەیە دەکشێنەوە. مەلا حەسەن محەمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی خورماتووی یەکێتی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناوچەی غەڕەو پەڵکانە ماوەی هەشت ساڵە پێگەیەکی سەرەکی داعشە، چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە غەڕەو پەڵکانە مەشق ئەنجام دەدەن و پلانەکانیان ئامادە دەکەن، ئەمە جگە لەوەی چەکدارە گەڕۆکەکانیشیان لەو ناوچەیە دەمێننەوە بۆ پشوودان." هەروەها وتیشی،"زۆرجار چەکدارە بریندارەکانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە چارەسەری برینەکانیان بۆ دەکرێت." جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لەناوچەی غەڕەو پەڵکانە لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە سنوری زنجیرە چیای حەمرین ڕووبەڕوو بوونەوە لەنێوان هێزە عێراقییەکان و داعش ڕوویدا، لە ئەنجامدا جێگری والی کەرکوکی داعش و چەند چەکدارێکی تر کوژران.