هەواڵی کوردستان ئێستا

چۆن چاویلکەیەکی دژە ڕۆژی گونجاو هەڵدەبژێری ؟

چۆن چاویلکەیەکی دژە ڕۆژی گونجاو هەڵدەبژێری ؟
چۆن چاویلکەیەکی دژە ڕۆژی گونجاو هەڵدەبژێری ؟

2020-07-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئه‌حمه‌د یه‌حیا جه‌باری/پزیشكی چاو

چاویلکەی دژە ڕۆژ یارمەتی دەرێکی باشە بۆ ئەوانەی هەستیاری بەهارەی چاویان هەیە ، ئەوانەی هەستیاری چاویان هەیە بە هۆی زۆر بەکار هێنانی قەترەی ئاوی ڕەش، ئەوانەی وشکی چاویان هەیە ، یان ئەوانەی دەیانەوێ چاویان بپارێزن لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی کە لە تیشکی ڕۆژدا هەیە و دەبێتە هۆی تێکچونی تۆڕی چاو لەگەڵ بەتەمەن بووندا.

بۆ دەستکەوتنی چاویلکەی دژە ڕۆژ مەرج نییە ئەگەر نرخی بەرز بوو ئەوا کوالیتی باشە و ئەگەر هەرزان بوو ئەوا بێ کەڵکە !!!

کاتێک دەتەوێت چاویلکەیەک هەڵبژێری ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکە :

١-فلتەری تیشکی سەروو وەنەوشەیی سەدا سەد بێت (UV block) کە ئەمەش بەند نییە لەسەر گرانی نرخی چاویلکەکە ، یان ڕەنگی هاوێنەکەی ،بۆ نموونە ئەگەر زۆر تاریک بێت ئەوە باشە ، ئەگەر ڕووناک بێت ئەوە خراپە ( لێکدانەوەیەکی هەڵەیە ) .

٢- چەندە چاوتی داپۆشیوە ، هەندێک چاویلکە زۆر بچووکە کە بە ئاسانی تیشک لە دەورو بەری دێتە ناو چاو .

٣-گێڕانەوەی ڕووناکی ، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بۆ هەستیاری لە چاوی دەکەن ، دەبێت ( ٧٥-٩٠%) ڕووناکی بگێڕێتەوە ، بۆ زانینی ئەم تایبەتمەندییە دەتوانی بە چاویلکەکەوە تەماشای ئاوێنە بکەیت ، ئەگەر چاوی خۆت بە ئاسانی بینی ، ئەوا ڕووناکی کەم دەگێڕێتەوە و وا باشە تاریکتر بێت .

٤-کوالیتی هاوێنە (عدسە)، دەبێت هاوێنەکە هەموو چونیەک بێت ، نابێت هەندێک شوێنی تاریک بێت و هەندێک شوێنی ڕوناک بێت ، بۆ زانینی ئەم تایبەتمەندییە ، چاویلکەکە بە دەستەوە بگرەو تەماشای هێڵێکی ڕاستی بکە بۆ نموونە قەراخی دەرگایەک ئینجا بۆ سەرەوە و خوارەوە بیجوڵێنە ، ئەگەر هێڵەکە لە پێش چاوت خوار بوو یان نزیک و دوور دەکەوتەوە ، ئەوا کوالیتی خراپەو مەیکڕە .

٥-هەندێک تایبەتمەندی تر کە خۆت حەزت لێیە تێیدا بێت بۆ نموونە :
أ / پۆلەرایزت : واتە تیشک تەنها بە یەک ئاڕاستە دێتە ناو چاو ، یارمەتی دەرێکی باشە بە تایبەتی لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ، یان سەفەرێکی ناو ئاو دەکەی بەبەلەم و سەفینە یان لەسەر بەفر یاری دەکەیت ، بەڵام مەرج نیە ئەگەر پولەرایزت بوو ئەوا تیشکی سەروو وەنەوشی دەگێڕێتەوە یان بە پێچەوانەوە ، بەڵام دەکرێت لە یەک چاویلکەدا هەردوو تایبەتمەندی تێدا بێت .

ب / فۆتۆکرۆمیک : واتە چاویلکەکە لەبەر ڕۆژ تاریک دەبێت لە سێبەر ڕوون دەبێتەوە .

تێبینی : دەتوانی لە یەک چاویلکە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوەی باسمان کرد تێیدا بێت ، یان تەنها یەک تایبەتمەندی تێدا بێت